کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی ڕێژیم وتوویەتی کە مەجلیس جێگای باسکردن لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر نییە

13:19 - 4 پووشپەڕ 2720

''عەبدوڵڕەزا ڕحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ باسی لەوە کردووە، هیچ کەس لەوە ڕازی نییە کە دڵۆپێک خوێن لە لووتی کەسێک بێت، بەڵام ئەم ڕووداوانە دەگەڕێتەوە سەر هۆکاری تایبەت کە ئێرە جێگای باس لێکردنی نییە.

لە حاڵێکدا کە لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ سەدان کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران، وەزیری نێوخۆ ڕێزی لە هەموو هێزە ئەمنییەتییەکان گرتووە و وتوویەتی، بە ئاسانی ناتوانرێت تۆمەتیان لێ بدرێت.

''ڕەحمانیی فەزڵی'' لە مەجلیسی ڕێژیم لە حاڵێکدا هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە بە توندترین شێوە سەرکوت کرا بە لاڕێیدا دەبات کە هەتا ئێستا هیچ یەک لە بەرپرسانی ڕێژیم ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بوارەدا نەداوە.

حەوتووی ڕابردوو، "غوڵامڕەزا شەریعەتی" پارێزگاری خووزستان، کوشتنی ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر لە شاری "ماهشەهر"ی بە ساختە ناو لێ بردووە و هەروەها وێڕای نکۆڵیکردن لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری "ماهشەهر"، بڵاوکردنەوەی ئاماری کوژراوانی ئەو مانگەی خستە ئەستۆی دوژمنانی ڕێژیمەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەنیسبەت ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر کردووە کە لەو ئامارە ١٣٠ کەسیان خەڵکی شاری "ماهشەهر"ی خووزستانن کە بە شێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژ.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەوت مانگ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ هەتا ئیستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەوە نەداوە و تەنیا جارێک ''موجتەبا زولنووری'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم وتبووی کە لەم خۆپیشاندانەدا ٢٣٠ کەس کوژراون.