کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوه ٨٠ لە سەدی کوژراوانی خەزەڵوەر بە چەکی دەوڵەتی کوژراون

09:31 - 11 جۆزەردان 2720

''عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردان باسی لەوە کردووە ٨٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزرڵوەری ٩٨دا کوژراون بە چەکی دەوڵەتی گیانیان لە دەست داوە.

وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی؛ نزیکەی ٤٠ یان ٤٥ کەس کە دەکاتە ٢٠ لە سەدی کوژراونی دیکە بە چەکی غەیری دەوڵەتی کوژران.

دوای زیاتر لە ٦ مانگ، ئەمە یەکەم جارە کە ''عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاشکاوانە وتوویەتی کە لە نیوان ٢٠٠ هەتا ٢٢٥ کەس لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کوژراون و ٨٠ لەسەدیان بە چەکی دەوڵەتی گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی حەوتووی ڕابردوو ورەدەکاریی زیاتری لەسەر ئاماری کوژراون بڵاو کردەوە و ڕاگەیاند کە لانیکەم ٣٠٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کوژراون.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە لەسەر ئەوە باوەرەیە کە ژمارەی دروستی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ زۆر زیاتر لەم ئامارەیە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ٩٨ لە زاری ٣ بەرپرسی فەرمیی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران ڕێگەیاندبوو لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون.

خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان سەری هەڵدا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە سرکوت کرا و بە سەدان کەس کوژران و بە هەزارانیش دەسبەسەر کران.

هەروەها لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خەڵک هێلی ئینتیرنێت پچراند.