کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی ڕێژیم هەڕەشەی لەو میدیانەی کردووە کە بازاڕی بورس لاواز دەکەن

12:06 - 23 بانەمەڕ 2720

"عەبدولڕەزار ڕەحمانی فەزڵی"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، هەڕشەی کردە سەر ئەو میدیانەی کە خەڵک لە ڕاستییەکانی بازاڕی بورس ئاگادار دەکەنەوە  و درۆ و فرتوفێڵەکانی ڕێژیم ئاشکرا دەکەن.

زۆرێک لە کارناسانی ئابووری هۆشداری بە خەڵک دەدەن کە فریوی درۆکانی ڕێژیم نەخۆن و سەرمایەکانی خۆیان ڕەوانەی بازاڕی بورس نەکەن، چونکە ڕێژیم بە دانانی بازاڕی درۆ بەو نیازەیە کە پارەی خەڵک بۆ ئەم بازاڕانە ڕابکێشێت و کەمیی بودجەی خۆی پێ قەرەبوو بکاتەوە.

زانیارییەکانی ئەو کارناس و میدیانەی کە دڵسۆزی خەڵکن، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی تووڕە کردووە، بۆیە هەڕشەی ئەوانی لێکەوتووەتەوە.

بە چڕبوونەوەی گەمارۆکانی ئامریکا، داهاتی نەوتی ڕێژیم بەتوندی دابەزیوە، بۆیە ڕێژیمی ئێران ساڵی پێشوو ڕایگەیاند کە بستراوەیی بودجەی بە داهاتی نەوت لە ساڵی ٩٩دا کەم کردووتەوە و دەیەوێت لە سەرمایەکانی خەڵک، کەمیی بودجە قەرەبوو بکاتەوە.

ڕێژیمی ئێران زیادکردنی داهاتە ماڵیاتییەکانی وەکوو یەکێک لە ڕێگاکانی قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە هەڵبژارد، بەڵام بە دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنەکان بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەسارێکی زۆری بەرکەوتووە، بەم هۆیەوە ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە بانگەشە بۆ سەرمایەگوزاری لە بازاڕی بورسدا دەکات.