کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی ئێران: لە ساڵی ٩٩دا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ئێران بێکار بوونە

11:30 - 25 رەشەمه 2720

ئاماری جیاواز لە بێکاربوونی خەڵک لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٩٩دا بڵاو بووەتەوە، ''عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ئێران بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆرۆناوە پیشەی خۆیان لەدەست داوە.

ناوبراو لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری داناوە و  ساڵی ٩٩ ساڵێکی زۆر دژوار بوو.

لەو پێوەندییەدا دوو حەوتوو لەمەوبەر ڕۆژنامەی ''فەرهیختگان'' لە ڕاپۆرتێکدا بەپشت بەستن بە زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران باسی لەوە کردبوو کە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی چالاکی ئێران لە پاییزی ٩٩ بە بەراورد لەگەل کۆتایی ساڵی ٩٨ بێکار بوونە.

ڕێژەی ملیۆنیی بێکاربووان لە ئێران بەهۆی کۆرۆنا لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەموو بێکاربووان بیمەی بێکارییان نییە.

پێشتر ''عەلی ڕەبیعی'' وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی لە خاکەلێوەی ساڵی ٩٩دا وتبووی: ''نزیک بە ٣.٣ ملیۆن کەس لەو کەسانەی بە فەرمی کاریان هەیە ڕاستەوخۆ مەترسیی زیانپێکەوتنیان لەسەرە''.

ناوبراو باسی لەوە کرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کارگە کاروباریان ڕاوەستاوە و ٤ ملیۆن کەس لە ئێران مەترسیی ڕاوەستانی کارەکەیان، دابەزینی حەقدەستەکانیان یان دەرکردنیان لەسەرە.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٩ بەنیسبەت لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی ئێران، بەراوردی ئەوەی کردبوو کە لەنێوان دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس هەتا شەش ملیۆن کەس لە ئێران کاری خۆیان لەدەست دەدەن.