کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل: ئێران چوونەدەرەوە لە سووریەی دەست پێکردووە

12:13 - 30 بانەمەڕ 2720

وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە حاڵی کشانەوە لە سووریەیە و هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە دەکشێنیتەوە.

''نفتالی بێنت'' وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی هێزەکانی لە سووریە کەم کردووەتەوە و ژەمارەیەکیش لە بنکە و پایەگاکانی چۆڵ دەکات.

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە، ئەگەرچی ئێران ڕەوتی چوونەدەرەوەی لە سووریەی دەست پێکردووە، بەڵام ئیمە دەبێ کارەکە یەکسەرە بکەین، چونکە هێشتا لە تیراوێژی ئێمەدان.

''نفتالی بێنت'' هەتا رۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بوو و جێگای خۆی داوە بە ''بێنی گانتس''.

ناوبراو داوای لە جێگرەوەکەی کردووە کە سیاسەتی گوشار بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە پێ بدات، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کەمکردنەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران پێچەوانە ببێتەوە.

دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات لە سووریە و لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیلدا، بنکەی نیزامی دامەزرێنێت و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە تووشی مەترسی بکات و داوای کردووە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی لە سووریە بچنە دەرەوە.

لەم ساڵانەی دوایی بەردەوام بنکە و بارەگاکانی سپای پاسداران و گرووپەکانی سەر بەم هێزە تێرۆریستییە لەلایەن ئەرتشی ئیسرائیلەوە لە خاکی سووریەدا کراونەتە ئامانج و بە دەیان کەس لە تێرۆریستانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لەنێو بردووە.