کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی مووساد بە شێوەیەکی بەربڵاو دزەی کردووەتە نێو ئێران

12:57 - 9 پووشپەڕ 2721

''عەلی یوونسی''، وەزیری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی''جەماران''سەرەڕای ئەوەیکە دانی بەوە داناوە کە دەزگاکانی هەواڵگری ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەربڵاو دزەیان کردووەتە نێو دامودەزگا هەستیارەکانی ئێرانەوە جەختی کردووەتەوە کە گیانی بەرپرسانی باڵای نیزامی ئێران لە مەترسیدایە.

وەزیری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیران لە سەردەمی سەرکۆماریی "خاتەمی" بە ڕەخنەگرتنی توند لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران وتوویەتی: ''لەکاتێکدا کە ئەرکی سەرەکیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشگرتن و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنانی ئێرانە، بەداخەوە ئەو ئەرکە سەرەکییەیان بەجێهێشتووە و خەریکی سەرکوتی خەڵکی ناڕازین لە ئێراندا''.

''عەلی یوونسی'' وتوویەتی: ''ئەو کەلێن و بۆشایەیەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ئێراندا پێکیان هێناوە بۆ ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی ئیسرائیل هەل دەرەخسێنێت کە بە شێوەیەکی بەربڵاو دزە بکەنە نێو دامودەزگا هەستیارەکان و گیانی بەرپرسانی باڵای ئێران بخەنە مەترسییەوە".

ناوبراو هەروەها وتووویەتی هیوادارم بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێران بە جێگای سەرکوتی خەڵک چارەسەریەک بۆ پێشگرتن لە دزەکردنی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بدۆزنەوە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

''یوسی کو‌هێن'' بەرپرسی پێشووی مووساد لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتبووی: ''هاورێیانی خۆشەویست، ئێمە لەنێو ئێوەدا دزەمان کردووە''.