کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران، جێی باوەڕ و متمانە نییە

11:56 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە "جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگای باوەڕ نییە.

"ئەنوەر قەرقاش"، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، لە پەیامێکی تویتێریدا وتی: "متمانە و باوەڕی وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران بەرەو لەنێوچوونی دەڕوات."

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "پەیوەندییە گشتییەکان، جێگری ڕاستەقینەی سیاسەتە سازەندەکان نییە. دەرچوون لە دۆخی قەیراناویی ئێستا، پێویستی بە کاری زیرەکانە هەیە، نە قسەگەلی پووچەڵ."

ئەم هەڵوێستەی بەرپرسی باڵای ئیمارات، ڕۆژێک دوای جەختکردنەوەی ئامریکا لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکان لە دەریای عوماندا، هاتە گۆڕێ.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە هیچ کام لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران لە جیهاندا جێی متمانە نین و هەموو جیهان ئەم بەرپرسانە بە پشتیوانی توندوتیژی و تێرۆریزم دەناسن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "جێرمی هانت"، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، بە ڕادیۆی "بی بی سی"ی ڕاگەیاند: "دەوڵەتی بریتانیا هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی ئامریکا لەبارەی  تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران لە تەقاندنەوەی دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا نابینێت."