کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئەگەر کۆرەی باشوور پارەکەمان نەداتەوە سێریاڵەکانی بڵاو ناکەینەوە

16:34 - 15 رەزبەر 2721

"حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتای "ڕووسیـ"ـی خۆی چووەتە "بەیرووت" و باسی لە پێوەندیی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی "کۆرەی باشوور" بۆ فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە کردووە و وتوویەتی، لە قسەکانمدا وتوومە بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆرەی باشوور سەرەڕای بەڵێنییەکانی هیچ هەوڵێکی بۆ وەلابردنی کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام نەداوە.

پاش گەمارۆکانی "ئامریکا" لە سەردەمی سەرکۆماریی "ترامپ"، کۆرەی باشووریش هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندووە و لەو ماوەیەدا خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هاوردەکردنی کەلوپەلی نێوماڵی لە کۆرەی باشوور قەدەغە کردووە.

دوای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی نێوماڵ لە "کۆرەی باشوور"، "ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" لە پێوەندیی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆرەی باشوور وتوویەتی: "منداڵەکانی ئێمە کاتێک چاو لە سێریاڵەکانی کۆرە دەکەن، دەڵێن کۆرەییەکان زۆر دلۆڤانن و لێمان دەپرسن ئەو مرۆڤە دلۆڤانانە هەر ئەو کەسانەن کە پارەکانمان پێ نادەنەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، ئەگەر ئێوە پارەکانمان پێ نەدەنەوە، فیلمەکانتان لە ڕاگەیاندنی خۆمان بڵاو ناکەینەوە.