
''حوجەتوڵڵا عەبدولمەلەکی'' وەزیر کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران لەژێر ناوی ''سیاسەتی ئیقتسادی مقاومەتی'' وتوویەتی: ''سیاسەتێک کە ئێمە لەو وەزارەتخانەیە بەڕێوەی دەبەین، ناردنی هێزی کاری بێکار بۆ وڵاتانی دیکەیە''.
ناوبراو وتوویەتی: ''ئێمە دەمانهەوێت ئەو کەسانە پیشە و کاری فەنی فێر ببن و دواتر بۆ ئێران بگەڕێنەوە''.
ئەو قسانەی وەزیری کاری ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە ئێران نرخی بێکاری بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەرپرسانی ڕێژیم لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دۆش داماون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران نزیکەی ٢.٤ ملیۆن کەس لە ئێران بێکارن و ٢.٢ ملیۆن کەسیش کاری بەردەوامیان نییە، هەروەها ٢ ملیۆن کەسیش لە پەیداکردنی کار بێ هیوا بوونە.
لە ڕاستیدا بازاڕی کاری ئێران لە دۆخێکی نالەباردایە و ڕێژەی بێکاری چەندین بەرابەری ئەو ئامارەیە کە ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکەنەوە.
بەهۆی بێکاری حەشیمەتێکی زۆر لە هێزی کاری ئێران بە تایبەت گەنجەکان ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن و ئێران بەجێ دەهێڵن و ئەو قسەیەی وەزیری کاریش لەو ڕاستایەدایە کە ڕۆیشتنی هێزی کار لە ئێران بە بیانووی فێربوونی پیشە و کاری فەنی لە وڵاتانی دیکە پەردەپۆش بکات.