کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەشانی سێ کاناڵی تلویزیۆنیی ئێرانی لەسەر "نایل سات" ڕاگیرا

13:12 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شیرکەتی "نایل سات"، وەشانی سێ کاناڵی تلویزیۆنیی ئێرانی، بە ماوەی دوو ساڵ ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە هەواڵدەریی "ئەلعالەم"، ڕۆژنامەی "عەکاز"، سەر بە عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە شیرکەتی "نایل سات"، وەشانی سێ تۆڕی میدیایی ئێرانیی، بە ناوەکانی "ئای فیلمی عەرەبی و ئینگلیزی" و "پرێس تیڤیـ"ـی، بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاگرتووە.

بەپێی ئیدعای ئەو ڕۆژنامە عەرەبستانییە، ئەو هەوڵە پاش کۆنفڕانسی "مەککە"، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە بەرپرسان و هەیئەتە عەرەبییە بەشدارەکان لەو کۆنفڕانسەدا و گەیشتن بە ئاکامی پێویستیی درێژەدان بە گەمارۆدانان لەسەر ئەو کاناڵە ماهوارەییانە کە پشتیوانیی ئێرانیان لە پشتە، ئەنجام دراوە.

بەرپرسێکی شیرکەتی "نایل سات"، کە نەیویستووە ناوی بڵاو ببێتەوە، هەواڵی ڕاگرتنی وەشانی ئەو سێ تۆڕە میدیاییەی ڕێژیمی ئیرانی کە بنکەکەیان لە تاراندایە، ڕاگەیاندووە.

"نایل سات" هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ کاناڵە، بە هۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی "تایفەگەری" ڕاگیراوە.

 پاش گەڕانەوەی گەمارۆکانی وڵاتی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو وڵاتە بە شێوەگەلێکی جیاواز تەحریمی خرایە سەر و زۆربەی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ئێستادا، لەژێر گەمارۆدایە و ڕێژیمی ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردا، پەلەقاژەیەتی.