لەسەر بانگهێشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەرپرسانی یەكەمی هەر چوار لایەنی سیاسی لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوە و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كاری ناوەندیان تاوتوێ كرد.
ڕۆژی سێشەممە ٧ی رێبەندانی ١٣٩٩ کۆبوونەوەی وەفدی باڵای ناوەندی هاوکاری بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو و بەرپرسانی وەفدی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەند تێیدا بەشدار بوون و چەندین بابەتی گرینگ و پەیوەندیدار بە بزوتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كارەكانی ناوەند قسە و باسی لەسەركرا.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لە وتەكانیاندا تاوتوێی بارودۆخی ناوچەكە و ئێرانیان كرد كە تێیدا هەر چوار لایەن لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لەپاش هاتنی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی هەمەلایەنەی ناوخۆیی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بەرەوڕووی قەیرانی تازەتر دەبێتەوە کۆک بوون. بە تایبەت قەیرانە ناوخۆییەكان زیاتر پەرە دەستێنێت و ناڕەزایەتی و ڕقی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران زیاتر گەشە دەكات؛ هەر بۆیە ئەركی ناوەند لەم دەورەیەدا هەستیارتر دەبێت و بۆ ئەم مەبەستە مێكانیزمەكانی كاری چالاكانەی ناوەند جەختی لەسەر كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە گرتن و زیندانیكردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزی كوردستان كرا كە لە ڕۆژانی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر و ڕاپێچی گرتووخانەكان كراون، بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ناوەندی هاوكاری بە هەموو شێوازی گونجاو تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی و گرتنی ئەو چالاكانانە لەقاو بدات.
لە دیدارەكەدا هەروەها باس لە چەندین بواری كاری ناوەندی هاوكاری لەوانە بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان و سیاسەتی ناوەند بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرا و بڕیاری پێویستی لەسەر درا.