کوردستان میدیا: وەفدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی "عەبدولحەمید دەروێش"، سیاسەتوان و تێکۆشەری ناسراوی کوردستانی ڕۆژئاوا بەشداریی کرد.
ڕۆژی شەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٣٠ی نۆڤامبری ٢٠١٩ی زایینی، ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ''عەبدولحەمید دەروێش''، کەسایەتیی ناسراو و خەباتکاری دێرینی کوردستانی ڕۆژئاوا و دامەزرێنەر و سەرکردەی پارتی دێموکراتیکی پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی بە بەشداریی سەدان کەس لە خەڵک و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوو.
وەفدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە سەرپەرستیی ''ڕۆستەم جەهانگیری''، بەرپرسی دەزگای چاوەدێری لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریی کرد.
لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ڕاگەیەندرا.
دواتر و پاش هەڵکردنی چل مۆم لەلایەن میوانانەوە بە نیشانەی چلەمین ڕۆژی کۆچی دوایی عەبدولحەمید دەروێش، ''عەلی شەمدین'' ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتیکی پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە، پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
هەروەها پەیامی بنەماڵەی عەبدولحەمید دەروێش لەلایەن ''کانیوار دەروێش''، ئەندامی بنەماڵەی خوالێخۆشبووەوە بە جیا پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەدا کورتە فیلمێکی دێکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و خەباتی ئەو خەباتکارە دێرینە بڵاو کرایەوە.
هەروەها لەنێوئاخنی بەرنامەکانی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی چەند حیزب و لایەنی سیاسی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرا.
وەفدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە بۆنەی چلەی ماتەمینی ئەو تێکۆشەرە دێرینەوە، بروسکەیەکی سەرەخۆشیی بە ناوی دەزگای پێوەندییەکانی حیزبەوە پێشکەش کرد.