کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەفدێکی حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بێلژیکی کرد

12:28 - 21 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەفدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەشتیی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بێلژیک و پارلمانی فێدراڵی ئەم وڵاتەیان کرد. 

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی تایبەت بە یادەوەریی سی ساڵەی "تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی"، وەفدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەشتیی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بێلژیک و پارلمانی فێدراڵی ئەم وڵاتەیان کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، وەفدی حیزبی دێموکرات، سەرەتا بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی بێلژیک، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان کرد و لەگەڵ ناوبراو بابەتەکانی پەیوەست بە یادەوەریی سی ساڵەی تێرۆری ڕێبەری شەهید و هاوڕێیانی و لە هەمانکاتدا، بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان، باسیان لەسەر کرا.

لەم دیدارەدا، لێپرسراوی حیزبی دێموکرات، بەوردی ڕاوەستەی لەسەر هەلومەرج و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و پاشان سیاسەت و بۆچوونی حیزبی دێموکراتیان بەوردی خستە بەر باس.

دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، وەفدی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەشتیی لێپرسراوی گشتی، سەردانی پارلمانی فێدراڵی بێلژیکیان کرد. لەم سەردانەشدا باسکردن لە دۆزی کورد، یادەوەریی سییەمین ساڵی شەهیدانی ڤییەن و سیاسەت و ڕوانگەی حیزبی دێموکرات، لە تەوەرە سەركییەكانی دانیشتنەکە بوون.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەندامێکی پارلمانی فێدراڵی بێلژیک، "تیم واندێنپووت"، سەرپەرەشتیی کۆبوونەوەکەی کرد. سەرەتای کۆبوونەوەکە، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، باسەکەی خۆی پێشکەش کرد و پاشان بە پرسیار و وڵام کۆبوونەوەکە کۆتایی پێهات.