
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەیئەتێکی پارتی ماف و ئازادی (هاکپار) لە کوردستانی تورکیە بە سەرپەرستیی "لەتیف ئیپۆز دمیر" سەرۆکی گشتیی "هاکپار" سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد و لەلایەن وەفدێکی حیزب بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێ کرا.
لەم دیدارەدا ڕەوشی کوردستانی "باکوور و ڕۆژهەڵات" و هەروەها دۆخی "ئێران و تورکیە" تاوتوێ کران و هەرکام لە ڕوانگەی سیاسەت و هەڵوێستەکانیان، چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی بزاڤی نەتەوەیی دێموکراتیکی نەتەوەی کوردیان لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان باس کرد.
لەم چاوپێکەوتنەدا هەردوو لایەن بەپێی بارودۆخ و هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە و دۆخی ناوچەکە، پێویستیی یەکگوتاری و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکانیان بە ئەرکێکی زەرووری زانی.
لە کۆتاییدا هەردوو لایەن لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانیان جەختیان کردەوە.