کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەلایەتی: لە یەمەنییەکان فێری خۆڕاگریی بین، کە بەبێ جلوبەرگ و نانی وشک شەڕ دەکەن

11:13 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم کە خۆیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین، خەڵکی هەژار هان دەدەن، کە لە بەرانبەر ئەو دۆخە نالەبارە شوکرانبژێر و خۆڕاگر بن.

بەپێی هەواڵێک کە لە هەواڵدەریی ئیسنای سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاو بووەتەوە، عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، لە کۆڕیادی هەشت ساڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کە لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی بەڕێوە چوو، ئێرانی وەکوو وڵاتێک پێناسە کردووە، کە هەمیشە چاوی تەماحی وڵاتانی دیکەی لەسەر بووە و  لە مێژووی ئەم وڵاتە لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە هەتا ئێستە ٢٥ شەڕ ڕووی داوە و ١١ ڕێککەوتننامەش واژۆ کراوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا دەوری دەسەڵاتی سەفەوییەکانی لە پاراستن و پێناسەکردنەوەی ئێرانی ئیسلامیی بە دەورێکی گرنگ و ئەرێنی ناو برد و وتوویەتی: زۆربەی کتێبە مەزنەکانی مەزهەبی شێعە پاش سەفەوییەکان نووسراون و شێعەبوونی ئێران لە لایەن سەفەوییەکانەوە سەلمێنراوە.

وەلایەتی لە قسەکانیدا ترامپی وەکوو دەمانچەکێشێکی هەوسارپچڕاو ناو برد، کە تەنانەت ‌هەڕەشەی گەمارۆ خستنەسەر لە وڵاتێکی بچووک وەکوو مالدیڤ دەکات و هێزی خۆی لە هەمبەر وڵاتە گەورە و بچووکەکان دەنوێنێت، ناوبراو ئەم دۆخەی بە بێسەروبەرەییی سەدەی بیستەمی زانی، کە هەتا ئێستە بێوێنە بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە بەپێی دۆخی شپرزی دنیا و تایبەتمەندییەکانی ترامپ کە دنیای شێواندووە، هیچ ڕێگاچارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە لە وریای خۆمان بین و متمانە بە هیچ کەس و هیچ وڵاتێک نەکەین، هەتا متمانەی تەواو بەدەست دەهێنین.

دوایین قسەی ناوبراو کە وەکوو ڕێگاچارەیەک بۆ خۆدەربازکردن لە کێشەکان لەسەری دواوە، ئەوە بووە کە خەڵکی چەوساوە و وەزاڵەهاتووی بۆ ئەوە هان داوە، کە وەکوو خەڵکی یەمەن بەبێ جلوبەرگ و بە نانی وشک لە هەمبەر دوژمن خۆڕاگری بکەن، لە حاڵێکدا خۆیان لە ژیانێکی خەیاڵیدا دەژین و مناڵی هەموو بەرپرسانی ڕێژیم لە وڵاتانی دەرەوە بە پارە و سامانی خەڵکی ئێران خەریکی خوێندن و خۆشگوزەرانین.