کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەڵامێک بۆ کورتە چیرۆکە چەواشەکارانەکەی عەنبەرین زەمان

11:53 - 11 رەزبەر 2721

سەلام ئیسماعیل پوور

لەم ڕۆژانەدا لە ماڵپەڕی "المانیتور" نووسینێک لە ژێر ناوی "ئاخۆ هەڕەشەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق چەندە جێی نیگەرانین؟" بە قەڵەمی کەسێک بە ناوی "عەنبەرین زەمان" بلاو بووەوە. لەو نووسراوەیەدا کە زیاتر لە کورتە چیرۆکێک دەچێت، نووسەر بە پشتبەستن بە خەیاڵ و هەستی دژەکوردیی خۆی، کۆمەڵێک زانیاریی ناڕاست و مەبەستداری بە دوای یەکدا ڕیز کردووە و هەوڵی داوە بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، ڕەوایی بە کردەوەکانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران و تیرۆر و کاولکاری و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و حیزبە سیاسییە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ئێران لەو ناوچەیە بدات و سیمای بزووتنەوەی مافخوازی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد ناشیرین بکات.

نووسەر لە شوێنێکی ئەو وتارەدا باس لەوە دەکات کە: "چالاکیی سەرەکیی پێشمەرگە کوردە ئێرانییەکان گومرک وەرگرتنە لە قاچاخچیان لەو کوێستانە سنوورییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆی دیاری کردوون... تۆڕی لایەنگرانیان ماوە بە ماوە لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان تێکهەڵدەچن و بەم شێوە خۆراک دابین دەکات بۆ بیرۆکەی سەرکوتکردنی هەشت میلیۆن کوردی ئێران".

ئەوە درۆیەکی ئاشکرا و سووکایەتییەکی مەبەستدار بە ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیەک و هەزاران تێکۆشەری سەر بە ئەو هێزە سیاسییانەیە کە لە خەبات بەرانبەر بە داگیرکاری و بناژۆخوازی و تیرۆری دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێراندا ژیان و تەندروستیی خۆیان فیدا کردووە یان لە زیندانەکاندا بوێرانە لە ژێر ئەشکەنجەدا خۆڕاگرییان کردووە و بەشێکیان گووللەباران کراون یان لە سێدارە دراون و ڕێبەرانیان لەسەر مێزی دانوستان بۆ چارەسەری سیاسیی پرسی کورد تیرۆر کراون کە نموونەی لە بڕیاری مێژویی دادگای میکۆنۆسدا بە بەرچاوی دنیاوە ڕووی دا. نووسەر دەبێ زۆر نەزان یان ڕق لە دڵ بیت کە ئەو هەموو قوربانیدانە لە پێناو پرسی ڕزگاریی نەتەوەیەکدا نەبینێ و هەوڵ بدا بە شکاندنی کەسایەتیی هێزی پێشەنگی خەباتی ڕەوای نەتەوەیەک بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، پرسێکی سیاسیی بەو گەورەییە تا ئەو رادەیە بچووک بکاتەوە و بەم شێوەیە خزمەت بە ئەجیندای دژەکوردیی دەوڵەتی تیرۆریستیی ئێران بکات. لە کاتێکدا کە بیروڕای گشتی لە هەموو دنیادا پێشمەرگەی کوردستان وەکوو هێزێکی دژبەری تیرۆریزم و فەندامنتاڵیزمی زاڵ بە سەر ناوچەکەدا دەناسێت، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە نووسینە بێ بنەمایانە کە تەنیا پشتی بە خەیاڵ و ڕقی نژادپەرەستانەی پەنگخواردوو لە ناخی نووسەردا بەستووە، بێجگە لە دژایەتیکردنی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ڕەوتی ژینۆسایدی ئەو گەلە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هیچی تێدا نیە.

نووسەر هێندە ناشارەزایە کە پێی وایە کوێستانە سنوورییەکان بەپێی ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و هێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێران دراون بەو هێزانە. لە حاڵێکدا کە وەها گرێبەستێک هەرگیز لە ئارادا نەبووە و لە ساڵانێکی زۆر پێشتر لە دامەزرانی حکوومەتی هەرێمەوە، ئەو کوێستانانە قەڵای بەرگریی ئازادیخوازانی کورد دژ بە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستەکانی وەک ئێران و عێراق و تورکیە بوونە و هەر ئەو هێزانە بوونە کە ئەو کوێستانانەیان کردۆتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئازادیخوازانی هەموو نەتەوەکانی ئەو وڵاتانە کە بەهۆی گوشاری حکوومەتە پۆلیسییەکانەوە ناچار دەبوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و خەباتگێڕانی کورد بەوپەڕی ئازایەتییەوە گیانی خۆیان کردۆتە قەڵغانێک بۆ پاراستنیان و لەو ناوچەیەدا داڵدەیان داون.

نووسەر لە لایەکەوە کاریگەریی فیزیکیی ئەو هێزانە لەسەر ئێران بە کەم و بێ بایەخ دەزانێ و لە لایەکی دیکەوە پێی وایە چالاکیی تۆڕی لایەنگرانیان بیانوو بە ڕێژیم دەدات بۆ سەرکوتی هەشت میلیۆن کوردی ئێران. ڕوون نیە کە گەلۆ سەرکوتی هەشت میلیۆن کەس لە ڕوانگەی نووسەرەوە بابەتێکی کەم و بێ بایەخە؟ و ئەگەر چالاکییەکانی ئەو هێزانە هێندە بێ‌بایەخن، بۆ دەبێ ببنە بیانووی سەرکوتی هەشت میلیۆن کەس؟ و چۆن دەکرێ پاساو بۆ ئەو تاوانە گەورەیەی حکوومەتێکی سەرکوتکار بێنیتەوە و لایەنی سەرکوتکراو بە تاوانبار لە قەڵەم بدەی؟

لە بەشێکی دیکەدا نووسەر باس لەوە دەکات کە گوایە موحەممەد باقری، فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران باسی لەوە کردووە کە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شارۆچکەی "هەریر"ی نزیکی هەولێر دەبێ دابخرێت و بەپێی یاسای یووئێن! ئێران مافی ئەوەی هەیە تیرۆریستەکان لەو دیوی سنوورەکانیش ڕاو بکات.

لێرەدا ڕوون نەکراوەتەوە کە بەپێی کام بڕگەیە لە یاساکانی یووئێن، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش یان هێزە خەباتکارەکانی کوردستانی ئێران بە تیرۆریست دەناسرێن و بە چ پێوەرێک هێزەکانی رێژیمی ئێران و یەک لەوانە سپای پاسداران - کە پلانداڕێژ و پشتیوان و بەڕێوەبەری سەدان عەمەلیاتی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا بوونە - دەکەونە خانەی هێزێکی دژە تیرۆریستی و ئەو مافەیان پێ دەدرێت سنوورەکانی ئێران ببەزێنن بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر خاکی وڵاتێکی دراوسێ و بنکەی هێزێک بکاتە ئامانج کە بەپێی یاساکانی یووئێن و ڕێگەپێدانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوێیە.

لە بەشی دیکەدا دیسان وێڕای باسکردن لە هێرشی ئاسمانیی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و پێگەکانی هێزی پێشمەرگە، ئەو ڕووداوە بە هێرش بۆ سەر "بنکەکانی گومرک وەرگرتنی چەکدارە کوردە ئێرانییەکان" پێناسە دەکات کە هیچ بنەمایەکی نیە و تەنیا هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ئەو کاولکارییانەیە کە ڕێژیمی ئێران بە بەکارهێنانی تۆپخانە و فڕۆکە و درۆنی خۆکوژ و تاقیکردنەوەی چەندین جۆر بۆمبی کاولکەر لە ناوچەیەکی بەربلاودا دژ بە ژینگە و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی بردووە.

لە درێژەدا نووسەر باس لە تیرۆری مووسا باباخانی وەکوو ئەندامی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆتێلێکی شاری سلێمانی لە مانگی ئاگوستدا دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە مووسا باباخانی نەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵکوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و نەک لە سلێمانی بەڵکوو لە هەولێر تیرۆر کراوە. ئەو هەموو زانیارییە ناڕاستە نیشان دەدات کە نووسەر بە بێ ئەوەی زانیاریی ورد و دروستی لەسەر ڕووداو و بابەتەکان هەبێت، دەستی داوەتە لێکدانەوە و شرۆڤەیەکی ئامانجدار و چەواشەکارانە کە هیچ خزمەتێک بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان ناکات و لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی هزر و تێگەیشتنی خوێنەرانی ماڵپەڕەکە لەسەر پرسێک کە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرێدراوی ئاسایش و ئازادی و مان و نەمانیانە.

نووسەر دیسان لە بەشێکی دیکەدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گرووپە کوردە ئێرانییەکان (وەک خۆی دەڵێ) دڵێان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێشاوە، بەڵام بەهۆی گرێدراوییان بەو یارمەتییە ماڵییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیان دەدات، ناوێرن بە ئاشکرا گلەیی بکەن.

دیارە نووسەری ئەو چیرۆکە تەنیا پارە دەناسێ و بە شێوەیەکی تەک ڕەهەندی و ئەویش بە گوێرەی حەزی خۆی بۆ بابەتەکە دەڕوانێت. ئەو هەموو لایەنە سیاسی، سەربازی، ئەمنی، دیپلۆماتیک، ئابووری، ژیۆپۆلیتیک و مێژوویی و ڕەهەندە نەتەوەیی و ستراتژیکەکانی زاڵ بە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستانی ئێران لە دەنگۆی یارمەتییەکی ماڵیدا کورت دەکاتەوە کە نە شارەزایی وردی لەسەر چەندایەتی و چۆنایەتیی هەیە و نە ڕوونی دەکاتەوە کە سەرچاوەی ئەو زانیارییە سەقەتە و ئەو لێکدانەوە کرچ و کاڵەی کێ بووە.

جێگەی داخە کە ماڵپەڕێکی وەک "المانیتور" ببێتە تریبۆنی ئەو جۆرە نووسینە لاواز و بێ بەڵگەیانەی کە بە مەبەستەوە خەریکی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی دژ بە نەتەوەی کورد و پاکانەکردن بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستدرێژیی ئاشکرای ئەو ڕێژیمە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێن. لە ڕاستیدا پرەنسیپی ڕۆژنامەگەری حوکم دەکات کە پێش وەرگرتنی هەر وتار و نووسێنێک، دەستەیەکی شارەزا لەو میدیایەدا، لە ئاستی زانستی و ڕاستی و ناڕاستیی زانیارییەکانی نێو ئەو نووسینانە بکۆڵنەوە، چوونکە بلاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە لە تریبۆنێکی میدیاییەوە، دوورە لە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی و دەبێتە هۆی دابەزینی پرێستیژ و لاوازبوونی ئاستی متمانەی خەڵک بەرانبەر بەو میدیایە.

بێگومان ئەوانەی کە تۆزێک شارەزای ئێستا و ڕابردووی بزووتنەوەی مافخوازی کورد و دۆخی تواناکان و ئاستەنگەکانی بەردەم هێزە خەباتگێڕەکانی ئەو گەلە و دڕندەیی ڕێژیمە مرۆڤکوژەکانی زاڵ بە سەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ڕێژیمی ئێرانن، دەزانن کە خەباتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ زیندووڕاگرتنی هەستی بەرەنگاریی نەتەوەکەیان و شەکاوە راگرتنی ئاڵای ئازادیخوازی و مرۆڤتەوەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لانکەی دەمارگرژی و بناژۆخوازیدا، چ گرینگی و بایەخێکی بۆ مرۆڤایەتی هەیە. کورد هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نیە کە ڕاستییەکان بە قازانجی ئەو چەواشە بکەن، چونکە ڕاستییەکان هەر بۆ خۆیان ڕەوایی پرسی ئەو نەتەوەیە دەسەلمێنن و تەنیا دەیهەوێ ڕاستییەکان وەک خۆیان بخرێنە ڕوو و ببینرێن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.