کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سوسیالیستی کوردستان- باکوور، سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

11:43 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: پارتی سوسیالیستی کوردستان- باکوور، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دۆخی بزووتنەوەی کوردیان لە کوردستانی باکوور و ڕۆژهەڵات تاوتوێ کرد. 

ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، هەیئەتێکی "پارتی سوسیالیستی کوردستان‌ـ باکوور" بە سەرپەرەستیی "مەسعوود تەک"، سەردانی نووسینگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

"مەسعوود تەک" وێڕای سپاس لە پێشوازیی حیزبی دێموکرات، باسێکی سیاسیی لەسەر خەباتی کوردستانی باکوور و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر بە کورد لەو بەشەی کوردستان و هەروەها هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچە، ئورووپا و ئەمریکا لەوبارەوە، پێشکەش کرد.

پاشان لێپرسراوی گشتی باسێکی سیاسیی لەسەر خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئیران و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و پەرەپێدانی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتانەی کە نفووزی تێدا هەیە، پێشکەش کرد.

لە کۆتاییدا هەیئەتی هەر دوو لایەن لەسەر دۆستایەتیی نیوانیان جەختیان کردەوە.