کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سوسیالیستی کوردستان و حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە

18:26 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان (PSK) سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و چەند پرسێکیان بە نیسبەت دۆخی کورد، بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی کوردستانی باکوور و تورکیە تاوتوێ کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۱٥ی خاکەلێوەی ۱۳۹۸ی هەتاوی ،شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان (PSK) بە سەرۆکایەتی ''مەسعوود تەک ''  سەرۆکی گشتی  PSK، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا ، سەرەتا مەسعوود تەک وێڕای سپاس له پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکرات، باسێکی لەسەر ڕەوشی سیاسیی کوردستانی باکوور و دوایین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیە پێشکەش کرد و لە ڕەهەندی جۆراجۆرەوە ئەم بابەتەی هەڵسەنگاند.

 پاشان لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، باسێکی لەسەر وەزعی ئێران و ناوچەکە و ڕاسانی خۆرهەڵات پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لەم دیدارەدا هەر دوو لایەن وێڕای پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و زەرورەتی بەرەوپێشچوونی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان ، پەیوەندی دۆستانە و بە هێزی نێوان هەر دوو لایەنیان بەرز نرخاند .