کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک و حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە

13:23 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی یەکیەتیی دێموکراتیک لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ بوونەوە و لە بارەی جێگە و پێگەی کورد گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی بانەمەڕ، شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (PYD) بە سەرۆکایەتیی "سولەیمان عەلی عەرەب"، نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان سەردانی دەزگای پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

نوێنەری پەیەدە لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "محەممەدنەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا.

 سەرەتا "محەممەدنەزیف قادری"، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، باسێکی گشتیی لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جێگە و پێگەی کورد لە ئێستا و داهاتووی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا پێشکەش کرد. بەڕێزیان وێڕای شرۆڤەکردنی بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر گرینگیی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان و پاراستنی و یەکڕیزی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە پێناو ئامانجی هاوبەشدا جەختی کردەوە.

دواتر "سولەیمان عەلی عەرەب"، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە و هاتنەئارای شەڕی نێوخۆیی و سەرهەڵدانی گرووپە تێرۆریستەکانی وەک داعش، و بەرخۆدانی ڕۆڵەکانی کورد لەو بەشەی لە کوردستاندا پێشکەش کرد. بەڕێزیان باسی لەوە کرد: ئەزموونی ڕۆژئاوا دەسکەوتێک بۆ هەموو پارچەکانی کوردستانە و پێویستی بە پاڵپشتی و هاوسۆزیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا هەیە.

 لە کۆتاییی ئەو دیدارەدا هەر دوو لایەن لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هاوکاریی دوو لایەنە جەختیان کردەوە.