کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانتارێکی هەدەپە بەنیسبەت گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەر ناڕەزایەتیی دەربڕی

11:50 - 9 رێبەندان 2720

"مۆعزز ئورهان ئیشک" یەکێک لە پارلمانتارانی پارتی دێموکراتی گەلان "HDP" بەنیسبەت گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەر ناڕەزایەتیی دەربڕی و وتوویەتی خەڵک بە شان و پیلی خۆیان ئەو تەرمانەیان لەژێر بەفردا دۆزیەوە.

ناوبراو وتوویەتی؛ بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە و خەڵکی ناوچەکە پارێزگاریان ئاگادار کردووەتەوە کە هەرەسی بەفر ڕووی داوە، بەڵام دوای شەش ڕۆژ پارێزگار حاشای لەم ڕووداوە کردووە.

ئەو پارلمانتارە باسی لەوەش کردووە، دوای شەش ڕۆژ نیزامییەکانی تورکیە پێشیان لە خەڵک گرتووە کە نەڕوون بۆ شوێنی ڕووداوەکە. دوای ٨ ڕۆژ و دان پێدانانی پارێزگاریی دیسان ئیزنیان بە خەڵک نەداوە و بیانوویان هێناوەوەتە کە ناوچەکە مەترسیدارە.

" ئیشک" ڕایگەیاندووە، هیچ ڕاگەیاندنێک باسی لەو ڕووداوە نەکردووە یانی گیانی مرۆڤەکان لەو وڵاتە ئەوندە بێ بەهایە!؟ ئەوەش خەمساردی نییە جینایەتە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کاربەدەستان وڵامیان بە خەڵک نەداوەتەوە و ئەوەش بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جێگای شەرمە.