کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانتارێکی ئەفغانستان ڕێژیمی ئێرانی بە دەست تێدابوون لە تەقینەوەی کابۆل تاوانبار کرد

12:54 - 21 بانەمەڕ 2721

"شاپوور حەسەن زوی" نوێنەری ویلایەتی "لۆگەر" لە پارلمانی ئەفغانستان وتوویەتی: "تەقینەوەی قووتابخانەی سەیدولشۆهەدا لە ڕۆژهەڵاتی شاری کابۆل دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی تێدا بووە".

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، لە دانیشتنی گشتیی پارلماندا وتوویەتی: "ئێران ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە تەقینەوەی قووتابخانەی کچانەی شاری کابۆلدا هەبووە و ڕێژیمی ئێران نایهەوێت وڵاتی ئەفغانستان لە ئاوەدانی و ئاشتی و تەباییدا بێت".

"شاپوور حەسەن زوی" باسی لەوەش کرد: "سیخوڕەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارلماندا بوونیان هەیە و پشتگیری لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن".

لە دوای قسەکانی ناوبراو، بەشێک لە نوێنەرانی پارلمان ناڕەزایەتییان بەنیسبەت لێدوانەکانی ناوبراو دەربڕی و بۆ ماوەیەک کاری پارلمان ڕاگیرا.

ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕ، تەقینەوەیەکی گەورە لە قووتابخانەی "سەیدولشۆهەدا"ی کچانەی شاری "کابۆل" لە وڵاتی ئەفغانستان ڕووی دا کە ٨٥ کوژراو و ١٤٧ برینداری لێ کەوتووەتەوە.