کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانتارێکی ئەفغانستان: ئێران دەیهەوێت ئەفغانییەکان لەو وڵاتە لە ڕێگای یاساییەوە بکوژێت

17:23 - 8 سەرماوەز 2720

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی کە گەڵاڵەیەک بە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دراوە بۆ ئەوەیکە پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران سزای قورس بدرێن، پارلمانتارێکی ئەفغانستان دژکردەوەی نیشان دا.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە پەنابەرانی بیانی لەوانە ئەفغانییەکان کە نایاسایی دێنە ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندان و ١٠٠ ملیۆن تمەن جەریمەی نەختی سزا بدرێن.

"مریەم سەما " پارلمانتاری ئەفغانستان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "حکوومەتی ئێران دەیهەوێت کوشتنی ئەفغانییەکان یاسایی بکات".

لەلایەکی دیکەوە "نوور ڕەحمان ئەخلاقی" بەرپرسی وەزارەتی پەنابەرانی ئەفغانستان ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە نایاسایی و مەترسیدار وەسف کردووە.

"ئەخلاقی" لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسی: "هیوادارم ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیەی کە لەلایەن چەند نوێنەری ڕێژیمەوە بەنیسبەت ئەو ئەفغانییانەی نیشتەجێی ئێرانن خراوەتە ڕوو بە سەرنجدان بە یاسای دراوسێیەتی و مافی مرۆڤی بێت".

لە ساڵی ڕابردوودا جەنازەی بێگیانی پەنابەرانی ئەفغان لە ڕووبارێکدا دۆزرایەوە کە مەئموورانی سنوورپارێزیی ئێران لە ڕووباریان هاویشتبوون.