کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئاڵمان کۆبوونەوەیەکی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێک هێنا

17:47 - 20 رەزبەر 2720

پارلمانی وڵاتی ئاڵمان کۆبوونەوەیەکی لەسەر داوای دوو بەرەی "سەوزەکان" و حیزبی "دێموکراتی ئازاد" لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئیراندا پێک هێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین نوێنەری لایەن و بەرەکانی وڵاتی ئاڵمان بابەتەکانی خۆیان پێشکەش کرد کە لە زۆربەی باسەکاندا پرسی کورد خرابووە بەر باس و ئاخاوتنەوە.

سەرەتای باسەکە بە قسەکانی "ئومید نووری پوور" لە بەرەی "سەوزەکانـ"ـی ئاڵمانەوە دەستی پێکرد.

ناوبراو ئاماژەی بە بێبەشیی کورد بۆ خۆێندن بە زمانی دایکی و یارمەتی نەدان بە گەلی بەلووچ سەرەڕای بارودۆخی خراپی ئابورییان کرد.

"میخائێل براند" لەلایەن حیزبی "دێموکرات مەسیحییەکانـ"ـەوە، باسی لە گەندەڵیی بێسنووری ڕێژیمی ئێران و سەرکوتی هەمەلایەنەی مەسیحی بەهایی و کوردەکان کرد.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە سەرکوتکردنی دڕندانەی هەر چەشنە خۆپیشاندانێکی هێمنانە کرد و پشتیوانیی لە داواکاریی ڕەوای خەڵکانی ئێران و جیلی گەنج بۆ ئازادی کرد.

"یۆرگن براون" کە لەلایەن "ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئاڵمانـ"ـەوە بەشدار ببوو، ئاماژەی بە ئێعدامی "نەوید ئەفکاری" و ئێعدامەکانی ساڵی ڕابردوو کردووە و باسی ئەشکەنجە و شێوەکانی لە ئێراندا کرد و هەموو ئەو شێوە دڕندانانەی سەرکوتی بە توندی مەحکوم کرد.

ناوبراو هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە دەوڵەتی ئاڵمان بۆ بێدەنگی لەوبارەوە گرت و هەروەها باسی لە سەرکوتی بەربڵاوی نەتەوەکانی ئێران (کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمان و ئازەری) کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا خاتوو "یۆزێفین ئۆرتلێت" لەلایەن حیزبی "سۆسیال دێموکراتـ"ـەکانەوە باسی پێشێلکردنی مافی ژنان و سەرکوتکردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی کرد.

"بیژەن جیرسەرایی" لەلایەن حیزبی "دێموکراتی ئازاد" باسی ڕۆڵی وێرانکەری ئێران لە ناوچەدا کرد.

ئەو هەروەها ڕەخنەی توندیشی لە دەوڵەتی ئاڵمان گرت کە سیاسەتی دۆستانەی لەگەڵ سەرکوتکەرانی ئێران هەیە و داوای کرد کە بەرپرسانی سەرکوتکردنی ئازادی لە ئێراندا دەبێ وڵامدەری ئەو کارانەیان بن.

خاتون "زاکلین ناستیک" نوێنەری "چەپەکان" باسی ئێعدامەکانی ئێران و بێبەشیی مەحکووم کراوان بە ئێعدام لە پارێزەر و دادگایەکی دادپەروەرانە کرد، بە باوەڕی ئەو ئێعدامەکان سەرەڕۆ و دژە مرۆییانەیە.

"فرانک هاینریخ" لەلایەن بەرەی "دێموکرات مەسیحی" و مەسیحییە کۆمەڵخوازەکانی بایێرنـ"ـەوە باسی لیستەی ١٢ کەس کە چاوەڕێی ئێعدامن و ١٦ کەس کە بەهۆی باوەڕی جیا لە ئیسلام بە بەندکران  و ٢٢ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ کە بە مەرگ مەحکوم کراون، کرد.

ناوبراو ئەو پرسیارەشی بۆ بەشداران دانا کە ئاخۆ پارلمان ئامادەیە کە لەو بایەخە مرۆییانە نەتەنیا بۆ نێوخۆی ئاڵمان بەڵکوو بۆ ئێرانیش داکۆکی بکات.

خاتوون دوکتور "دانیێلا دێ ڕیدەر" لەلایەن حیزبی "سۆسیال دێموکراتـ"ـەکانەوە باسی پێشکەوتنخوازیی خەڵکانی ئێرانی بەپێچەوانەی ڕێژیم کرد و ئاماژەی بە مافی ژنان کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ داخوازییەکانی ژنان  دەربڕی.