کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی بریتانیا داواکارە گەمارۆ بخرێتە سەر سێ کەس لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران

18:16 - 18 سەرماوەز 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز، پارلمانی بریتانیا پێڕستێکی سێزدە کەسی لەو کەسانەی کە مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە ئامادە کرد و داوای کردووە کە گەمارۆیان بخرێتە سەر؛ لەو پێڕستەدا سێ کەسی ئێرانی بە ناوەکانی "غوڵامڕزا زیایی" سەرۆکی پێشووی زیندانی ئێڤین، "عەلی قەناعەتکار" جێگری دادستانی تاران و لێپرسی پێشووی دادسەرای ئێڤین و "عەلی ڕێزوانی" لێپرس ـ هەواڵنێر گەمارۆیان بخرێتە سەر.

هەروەها بەرپرسانی "ڕواندا" کە لە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی وڵاتی بریتانیادا ڕۆڵیان هەبووە و بەشێک لەو کەسانەی کە موسڵمانانی "ئویغور"یان لە چین ئازار و ئەزییەت کردووە لەو پێڕستەدا بوونیان هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە "کریس برایانت" نوێنەری پارلمانی بریتانیا وتی، ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە بە مەبەستی دزەکردن لە وڵاتاندا بەردەوام لە هەوڵدا بووە بە شێوەی نایاسایی دانیشتووانی وڵات و دووڕەگەزنامەییەکان ئازار بدات یان دەسبەسەریان بکات.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد، لە ئێستادا بە بارمتەگرتنی ئەو کەسانە بووەتە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران.

"کایلی مورـ گیلبێرت" لێکۆڵەرێکی ئوسترالیایی کە دوو ساڵ لە ئێران لە زینداندا بووە لەهەمبەر ئەو هەوڵەی بریتانیادا وتی: "ئەو کارە دەستپێکێکە، بەڵام دەبێ بریتانیا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کار بکات".