کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی عێراق بەبێ بەشداریی نوێنەرانی کورد، بڕیارێکی دژی ئامریکا پەسەند کرد

11:49 - 16 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پارلمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا، دەرکردنی هێزەکانی ئامریکای لە عێراق به ١٦٨ دەنگی ئەرێنی پەسند کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، پارلمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و پڕ پەراوێزدا، بڕیارێکی دژی ئامریکا پەسند کرد کە کۆتایی بە حوزووری هێزەکانی ئامریکا لە عێراقدا بێنێت.

پارلمانی عێراق داوای کردووە کە داواکاریی خۆی لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەڵوەشێنێتەوە.

مەزندە دەکرێت کە ٥ هەزار ٢٠٠ هێزی ئامریکایی بۆ ڕاهێنانی سەربازانی عێراقی لەو وڵاتەدا حوزووریان هەیە.

پارلمانی عێراق، ٣٢٩ نوێنەری هەیە کە ١٦٨ نوێنەر دەنگی ئەرێنییان بەو بڕیارە داوە.

نوێنەرانی کورد لە کاتی ئەو بڕیارەدا مەجلیسیان بایکۆت کرد و نوێنەرانی سوننە مەزهەبیش تەنیا ٩ کەسیان بەشدار بوون.

ئامریکا بەنیسبەت ئەو بڕیارەی پارلمانی عێراق هۆشداریی بە کاربەدەستانی عێراق داوە.

بەپێی ئەو بڕیارە، ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی ناسراو بە "سۆفا" لە نێوان ئامریکا و عێراقدا هەڵدەوەشێتەوە.

ڕێککەوتننامەی سۆفا لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کراوە.

ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر چالاکییەکانی ئامریکا لە عێراقە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا هۆشداریی داوە، ئەگەر عێراق داوا دەکات هێزەکانمان لەو وڵاتە بکشێنەوە، جۆرێک گەمارۆی ئابووری لەسەر ئەو حکوومەتە دادەنێین کە گەمارۆکانی ئێران لە ئاستیدا بچووک پیشان بدەن.