کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی عێراق دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات

11:36 - 4 بانەمەڕ 2722

پارلمانی عێراق لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیە و ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دانیشتن پێک دێنێت.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو دانیشتنە بە داواکاریی ڕەوتی سەدر و بە واژۆی ٥٠ نوێنەر و بە بەشداریی ''فواد حوسێن'' وەزیری دەرەوەی عێراق پێک دێت.

فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ''ئەلعەربییە'' جەختی کردووە کە هێرشی نیزامیی تورکیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەبێ هاوئاهەنگیی بەغدا بووە و ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتەیە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ١٢ مووشەک هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی بە بیانووی بوونی بنکەی ئیسرائیل کردە ئامانج.

بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئیدعاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لەمەڕ بوونی بنکەی ئیسرائیلی لەو ناوچەیە ڕەت کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەرتشی تورکیە لە حەوتووی ڕابردوو دژی پارتی کریکارانی کوردستان لە باکووری هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینیی ئەنجام دا.