کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئورووپا خوازیاری گەمارۆی زیاترە بۆ سەر بەرپرسانی ئێرانی

13:16 - 18 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی پارلمانی ئورووپا بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک، خوازیارە بەرپرسانی ئێرانی بەهۆی زیندانیکردن و ئێعدامی هاووڵاتییانی ئورووپایی لە ئێران، گەمارۆیان بخرێتە سەر.

لەو بڕیارنامەیەدا، پارلمانی ئورووپا، داوای لە شۆرای ئورووپا کردووە، گەمارۆی ئامانجداری زیاتر وەک: "بەستنی سامانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئەو دامەزراوانەی کە لە دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە و دەرکردنی بڕیاری کوشتنی دانیشتوانی یەکیەتیی ئورووپایان لەدەست دایە.

هەروەها لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە: ئەگەر دەسبەسەری دکتور "ئەحمەدڕازا جەلالی"، درێژەی هەبێت، یەکیەتیی ئورووپا لە گەمارۆکانی پێوەندی بە مافی مرۆڤی خۆی بە دژی ڕێژیمی ئێران، کەڵک وەردەگرێ.

"شارلی وایمز"، نوێنەری وڵاتی سۆید لە پارلمانی ئورووپا، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "خۆشحاڵم کە پاڕلمانی ئورووپا ئەو بڕیارەی داوە، ئێمە گوشار دێنین هەتا "ئیبراهیم ڕەئیسی"، لەهەمبەر جینایەتە دژەی مرۆییەکانی لەوانە: کوشتن، ڕفاندنی بەزۆری وئەشکەنجە بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە".

"ئەحمەدڕەزا جەلالی"، شارۆمەندی سوئیدی-ئێرانی لە ٢٤ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٠١٦دا بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر و بە تۆمەتی سیخوڕی لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا مەحکوم بە ئێعدام کرا.