کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی سوید تاوانی ئەنفالی هاووڵاتیانی کوردی هەرێمی كوردستانی بە ژینوساید ناساند

23:09 - 15 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: پارلەمانی سوید دوای چەندین دانیشتن دۆسیەی ئەنفالی نەتەوەی كوردی لە كوردستانی عێراق، بەدەستی رێژیمی پێشووی ئەو وڵاتە، بە ژینوساید ناساند.
ناوەندی چاوەدێری كوردوسایت لقی سوید بڵاوی كردەوە، رێكەوتی ١٥‌ی سەرماوەز لە كۆی گشتیی ئەندام پارلەمانەكانی سوید ٢٧٧ كەس دەنگیان بەو دۆسیە دا و ٢٢ كەسی دیكەش دەنگی نایان دا.
پێشتریش لە مانگی خەزەڵوەردا دوو دانیشتنی دیكە لەدەرەوەی پارلەمان بۆ ژینوساید ناساندنی ئەنفالی هاووڵاتیانی كورد لە سوید بەڕێوە چووبوو و ٨ پارتی چەپی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو دوسیەیە هاودەنگ بوون و دواتریش لە پارلەمان دەنگیان پێدا.
نزیك بە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتیانی كوردی كوردستانی عێراق بەرەورووی شاڵاوی ئەنفاڵ بوونەوە.

ئەو ئەنفاڵە لەسەر بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراقەوە درا و بەپێی ئامارەكان ١٨٢ هەزار هاووڵاتیی كورد گیانیان لێ‌ ئەستێنرا.
هەر لەو پێوەندییەدا مانگی خاكەلێوەی ١٣٨٧ پارلەمانی عێراق ئەو كوشتارەی هاووڵاتییانی كوردی بە ژینوساید ناساند.