کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی ئورووپا: کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بهێنن!

13:02 - 24 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی لە بارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بارودۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی،  پارێزەرانی مافی مرۆڤ و بەستێنەکانی ناڕەزایەتییە بەرینە خەڵکییەکانی بڵاو کردەوە.

پارلەمانی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، بڕیارنامەیەکی ٥ لاپەڕەیی بڵاو کردەوە.

عەبدولکەریم لاهیجی، بەرپرسی کۆمەڵگای داکۆکی لە مافی مرۆڤی ئێران و بەرپرسی فەخریی فیدراسیۆنی نێونەتەوەییی کۆمەڵگای مافی مرۆڤ، وتی: "بڕیارنامەی پارلەمانی ئورووپا، باسی کێشەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بارودۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی،  پارێزەرانی مافی مرۆڤ و بەستێنەکانی ناڕەزایەتییە بەرینە خەڵکییەکان دەکات. دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەبێت هەموو زیندانییانی مەزهەبی بە شێوەیەکی خێرا و بێمەرج ئازاد بکات و پێبەندی بەڵێنەکانی ئێران بەپێی مافە نێونەتەوەیییەکان و مافەکانی مرۆڤ بێت".

نێوەڕۆکی ئەم بڕیارنامەیە ئەم خاڵانە لە خۆ دەگرێت:

ـ ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە دژی هەژاری، هەڵاوسان، زیادبوونی گەندەڵی و سەرەڕۆییە سیاسییەکان.

ـ مەحکوومکردنی حوکمی لەسێدارەدان، بەتایبەتی بۆ لاوانی خوار  تەمەن ١٨ ساڵ.

ـ مەحکوومکردنی ئازاردانی کەمینە ئایینییەکان "بەهایییەکان"

ـ دەربڕینی نیگەرانی لە هەمبەر دەسبەسەرکردنی ئێرانییانی دوو ناسنامەیی

ـ دەربڕینی پشتیوانی لە خەبات دژی یاساکانی خۆداپۆشینی زۆرەملێ، داواکاری باشتربوونی دۆخی ئابووری و مافە کۆمەڵایەتییەکان.

هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ لەم بڕیارنامەیەدا ئاماژە کراوە بە:

ـ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨، کە سەرکوتی کەسانێکیان کردووە، کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە لە ئازادیی بەیان، کۆبوونەوەی مەدەنییانە کەڵکیان وەرگرتووە و بە سەدان کەسییان بە تاوانگەلێکی وەک هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی دەسبەسەر و زیندانی کردووە.

ـ سەرکوتی چالاکانی مافی ژنان، ئازار و دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکییانەیان و بێبەریکردنیان لە دادگاییکردنی عادڵانە و دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر.

ـ سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی کە چالاکانی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی ژینگەپارێزی، چالاکانی مافی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان. شۆفێران و چالاکانی ئاشتیخواز دەگرێتەوە.

ـ لەبەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنی دەسپێڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دادگاکاندا، بێبەریبوون لە هەبوونی پارێزەر بەتایبەتی لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا، بێبەشبوون لە پێوەندیگرتن بە باڵوێزخانەکان، قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی یان ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، دەرکردنی حوکم بەپێی تۆمەتی ناڕوون یاخود نادیاری ئەمنیەتی یان سیخوڕی.

ئەم بڕیارنامەیە بە ئاماژەکردن بە گەمارۆوەکانی شۆرای ئورووپا، لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا و گفتوگۆی سیاسی لەم سێ ساڵەی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم، داوای لەم ڕێژیمە کردووە، کە بە هەموو شێوەیەک ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییاندا بەخێرایی کۆتایی پێ بهێنێت و یاسایەک دابنێت کە ڕێگە لە ئەشکەنجە یان هەڵسوکەوتی نەشیاو و حوکمگەلێکی دیکەی زاڵمانە و نامرۆڤانە بگرێت.

هەروەها داوای ئەوەی کردووە، کە هەموو ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری ئازادیی دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان دەسبەسەرکراون ئازاد بکرێن.