کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارووە نانێک بە نرخی گیان

12:56 - 3 بەفرانبار 2719

سۆران شەمسی

ئەم ڕۆژانە وشەی کۆڵبەر زۆر دەبیستین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەمیشە لەگەڵ هەواڵێکی پڕ ئازارە، کۆڵبەری بە لێکدانەوەی وەزارەتی کار و یاسای کار، لەوانەیە نەتوانرێ ناوی بنێن کار بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا تەنیا ڕێگایەکە بۆ بژێویی ژیانی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان کە بریتییە لەوانەی کە خوێندنیان تەواو کردووە، منداڵ، پیر، پیاوان و ژنان، کە پیشەکەیان نەتەنیا بە فەرمی نەناسراوە، بەڵکوو هێچ زەمانێک بۆ داهاتوویان وەکوو بیمەی "تەئمین ئیجتماعی" یان بیمەی کار، موچەی بێکاری و... پێیان ڕەوا نابیندرێت، کۆڵبەر بە کەسانێک دەوترێت کە بۆ بڕە پارەیەکی کەم ژیانی خۆیان بە هەڵگرتنی شتومەکێک لە نێوان دوو لای سنوور ئاڵوگۆڕ دەکەن، کۆڵبەرەکان زۆرتر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و سیستان و بەلوچستان خەریکی کارن.

کۆڵبەرەکان بەهۆی بێکارییەوە و لە ڕووی ناچاری لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم کە هەڵدەستن بە تێپەڕینی نایاسایی لە سنوور و شتومەکی نایاسایی بیانی دەهێنن بەم دیودا. قسە دەربارەیان زۆرە، هەر ئەوانەی لە پێناوی نان دانوستان بە گیانی خۆیان دەکەن و بۆ نێو دڵی کوێستان و کوێرە ڕێگا پڕ پێچاوپێچەکان دەچن تا زگی خۆیان و بنەماڵەیان تێر بکەن، بە ناخی ژیانیان ڕۆ بچێت، دەبینین ناتوانن لە دەستکەوتی ئەو کارە چاوپۆشی بکەن. زۆربەشیان لە ڕووی ناچارییەوە دەیکەن، کۆڵبەری ئاساییترین پیشەیە کە بەفەرمی نەناسراوە لە کوردستان ئەم ڕۆژانە وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین کە ناخی ڕووداوەکان پێشوەختە نیشان دەدات.

ئەم ڕووداوە دیاردەی کۆمەڵگایەکی تاڵ نیشان دەدات، دیاردەیەک بە ناوی کۆڵبەرانی خوێندەوار، هەموو ڕۆژێک لەنێو ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکاندا هەواڵی کوشتن و دەسبەسەرکردنی کۆڵبەرەکان لە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەسپی ئەم کۆڵبەرانە زۆربەیان لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکان و هێزەکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە لە هەمان کاتدا دە \کوژرێن، کۆڵبەرەکان کاری خۆیان (پارووە نانێک بە نرخی گیان) وەسف دەکەن و دەڵێن دەبێ گیانت بخەیتە سەر دەستت ئەگەر لە مینە پوچەڵنەکراوەکان و سەرما پارێزراو بوویت ئینجا دەبێ ڕێگایەک بۆ وێستگەکانی سنوورو هێزەکانی ئامادە بە تەقە پەیدا بکەیت.

بۆ پاڕووە نانێک هەم دەبێ لەگەڵ سروشتدا شەڕ بکەیت هەم لەگەڵ پاسدارە ئەمنییەکان و هەم لەگەڵ پاشماوەی شەڕی هەشت ساڵە کە تا ئێستاش ئاسەواری بەسەر جەستەی ناوچەکە و خەڵکەوە بەجێ ماوە، ئامارێکی دروست لە ڕێژەی کۆڵبەران و کوژراوانی کۆڵبەران لەدەستدا نییە، بەڵام بێکارییەکی زۆر و نەبوونی پێداویستیی کۆچ یان کۆڵبەری بەتەنیا پێداویستی دروستی کردووە.

بەڵام ئامارەکان لە زانیاریی لانیکەم بیست هەزار کۆڵبەر باس دەکات، نەداری ئەوانی بە لایەکدا بردووە کە باسکردنی دەردە و بینینی دژوارە، نەبوونی پەرەستاندن، نەبوونی پلان بۆ دەستخستنی پیشەیەک کە بەپێی بەڵگەی یاسا بەشێکە لە بەڵێننامەی حکوومەت و گرینگتر لە هەمووی چاوپۆشیکردن لە مافی مرۆڤ، مافی ژن و پیاو و منداڵ و پیر کە کۆڵبەری دەکەن لەلایەن بەڕێوەبەرەکان و داڕێژەری بەرنامەکان کە تەنیا بانگەشەی بێبنەمایان هەیە، بوونەتە هۆکاری دیمەنێک کە گیان دەسووتێنێت، کۆڵبەر تەنیا باری قورس هەڵناگرێت، ئەو لە جێبەجێکردنی هەموو ئەو دەردانەیە کە ئاگابوون لە تەبەقەی بڕیاردەری کۆمەڵگا نییە، بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمەش تاکوو ئێستا مافی ئەوانی نەداوە، ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاری لە تەمەنی ١٥ تا ۳٥ ساڵی بە لە سەدا ٥ بڵاو کردووەتەوە.

بەو حاڵەشەوە پسپۆڕە سەربەخۆوەکان دەڵێن ئەمە ڕێژەیەکی خەیاڵی و دوورە لە ڕاستی لە هەر سێ گەنج دانێکیان بێکارە و ئەگەر کاریشی هەبێت، بەبێ بوونی بیمە و حەقدەستێکی کەمە. ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات کە لانیکەمی یەک سێیەمی دانیشتووانی پارێزگای سنە بە تەواوەتی لەژێر ڕێژەی هەژارین یان لە پارێزگای ورمێ کە دانیشتووانی سەردەشت و پیرانشار بۆ داهاتی ژیانیان بۆ کۆڵبەری ڕوویان لەوێ کردووە، ڕێژەی بێکاری بە فەرمی ڕادەی تەمەنی گەنجی لەسەدا ۱٨ ئەم ڕێژەیە لە سەردەشت لە سەدا ٢٣ ڕاگەیەندراوە.

بەراوردی نیشانەی پێشکەوتنی ئابووریی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری وڵات، لە نەبوونی نایەکسانی لە ڕووی سەرمایەگوزاری بایەخنەدانی ڕێژیم بۆ ئەم ناوچەیە دەوترێت، بەراوردی نیشانەی پێشکەوتنی ئابووری کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری وڵات بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و نەبوونی پێشکەوتنی پیشەسازیی ئەم ناوچەیە هۆکاری ئەوەیە کە خەڵک ڕوو دەکەنە ئەو پیشە پڕ مەترسییەوە، یەکێک لە هۆکاری زیادبوونی ئەم کارە ترسناکە، نەبوونی دەرفەتی کار و هەروەها نەبوونی کارخانەیە، سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی نەبوونی نەخشەی پێشکەوتوو کە بووەتە هۆی لافاوێکی گەورە و بەرەوڕووی کۆڵبەری بووەتەوە، کۆڵبەرەکان لە کوردستان وەکوو کەسانێکی شەریف و ڕەنجکێش کە بەدوای بەدەستهێنانی نانێکی حەڵاڵەوەن لە ڕووبەڕووی خۆشەویستیی خەڵک قەراریان گرتووە، لە ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید لەسەر مافی مرۆڤ باسی لەم مەسەلەیە کردووە، بە ناوونیشانی "کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەرەکان" یادکراوە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تاوانی کۆڵبەرەکان چەند مانگ بەندکردن یان بەراورد بە نرخی کاڵاکەیەتی.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزەکانی سنووری ئێران ڕاستەوخۆ کۆڵبەرەکان بەر دەستڕێژیی گولـلە دەدەن و ساڵانە دەیان کەسیان دەکوژن یان بریندار دەکەن، ئەمە ڕاستیی ژیانی کۆڵبەرەکانە کە بەهۆی نەبوونی پیشە کێشەی زۆری نەبوونی ئابووری لە ناوچە سنوورییەکان لە ڕووی ناچارییەوە لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم هەڵدەستن بە کاری کۆڵبەرییەوە، ئەو کۆڵبەرانەی کە لە سەرما و تاریکیدا تا ڕادەیەک کە خوێن لەنێو دەمارەکانیاندا دەیبەستێت، بەڵام دڵیان بە گەیشتن بە شوێنی مەبەست و وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە کە وەریدەگرن گەرم دەبێتەوە، چەندین کیلۆمیتر ڕێگا و بە ڕێگایەکی کوێستانی و ئاستەنگ کە بۆ ئەوە نابێت پێیدا بڕۆیت دەپێوون، فرمێسکی خوێنیان بۆ بڕێژیت و بەداخەوە دەبێ بڵێم لەگەڵ کچ و ژنان ڕوبەڕوو دەبینەوە کە ناچارن لە ڕۆڵی پیاو یان کوڕێکدا دەربکەون تا بە ڕیزی دوورودرێژی کۆڵبەرەکان بگەنەوە.

کۆڵبەری لە ڕەدەی قورسترین پیشەکانە، پیشەیەک کە ڕەگی لەنێو هەژارییەکی قووڵ، نایەکسانیی سامان و پێداویستی لە وڵاتدا هەیە، کۆڵبەرەکان پاکترین قوربانیی بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێرانن، کە هیچ شتێک لە کار پێکهێنان دانانی سیاسەتێک لە ڕێژەی زۆر گۆڕینی سیاسەتی ئێستا بارودۆخی ئەوان ناگۆڕێت، هەر وەکوو ئێستا بە بەڵێنەکانی هیچ بەرپرسێکی ڕێژێم بڕوا ناکەن داواکارێکی دیاریان هەیە، یان پیشەمان بۆ دروست بکەن یان بژێویی ژیانمان دابین بکەن و ئەگەر هیچ کامیان ناتوانن کەواتە سنوورەکانمان بۆ بکەنەوە تا نانی خۆمان لەنێو کێو، مین و پاسداری سنوور بەدەست بهێنین.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای شەرافەت و پاکی و جوانی، ڕێگای نان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.