کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاریزگاکانی کوردستان زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەیان هەیە

13:42 - 9 بانەمەڕ 2720

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەی لە ئێران بە جیاکردنەوەی پارێزگاکان بڵاو کردەوە کە لەم ئامارەدا پارێزگاکانی کوردستان زۆرترین ئاستی هەڵاوسانیان هەیە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، پێوەری هەڵاوسانی مانگانە بۆ بنەماڵەکان لە ئێران بەنیسبەت مانگی ڕەشەمە، ٢.١ لەسەد بەرز بووەتەوە.

پارێزگای سنە و کەهکیلویە و بویر ئەحمەد، بە بەرزبوونەوەی ٣.٨ لەسەدی، زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەیان هەبووە.

پارێزگای ئیلام، بە ٣٩ لەسەد، زۆرترین نرخی هەڵاوسانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەنیسبەت هەموو بنەماڵەکانی ئێران، بۆ خۆی تەرخان کردووە.

هەروەها زۆرترین نرخی هەڵاوسان لە ١٢ مانگی ڕابردووی پێش خاکەلێوەی ئەمساڵ، بۆ بنەماڵە شارنشینەکان ٣٨.٤ لەسەد و بۆ بنەماڵە گوندنشینەکان ٤١.٦ لەسەد تایبەت بە پارێزگای ئیلامە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، پارێزگای سنە بە نرخی هەڵاوسانی ٣٩ لەسەدی، زۆرترین نرخی ساڵانەی هەڵاوسانی لە ئێراندا هەبووە.

پارێزگاکانی کوردستان لەو پارێزگایانەن کە لە بواری ئابوورییەوە هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت و بەردەوام لەگەڵ کێشەی هەڵاوسان بەرەوڕوون و لەم بوارەشدا ڕێکۆردی دیاریکراویان هەیە.