کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاری خووزستان وتوویەتی ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە کارەساتبارە

12:08 - 17 رەشەمه 2720

هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لە پارێزگای خووزستان، هاتوچۆ بۆ ئەو پارێزگایە قەدەغە ڕاگەیەندرا.

''قاسم سلێمانی دەشتەکی'' پارێزگاری خووزستان، بەنیسبەت دۆخی خراپی کۆرۆنا لەو پارێزگایە وتوویەتی، نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە زیاتر تەشەنە بستێنێت و هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە و ناوەندە حکوومەتییەکانیش نەتوانن هیچ کارێک بکەن، بەو پێیە ئەو پارێزگایە بۆ ماوەی یەک حەوتوو قەرەنتینە دەکرێت.

ناوبراو وتوویەتی، لە ئەمڕۆوە سنوورداریەتییەکانی هاتوچۆ لەو پارێزگایە و ئەو شارانەی کە لە دۆخی سوور و نارنجیدان جێبەجێ دەکرێن.

دۆخی خووزستان لە حاڵێکدایە کە پێشتر ستادی بەرەنگاری لەگەڵ کۆرۆنا لە ئێران هیچ وڵامێکی لەبارەی داواکاریی بەرپرسانی خووزستانی بەنیسبەت قەرەنتینەکردنی ئەو پارێزگایە نەدابووەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارێزگاری خووزستان باسی لەوە کردبوو کە ڕۆژانە زیاتر لە ٢ هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن کە لەو ڕێژەیە دەبێ ١٥٠ هەتا ٢٠٠ کەس بخەوێندرێن.

ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەمە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕیژیم باسی لەوە کردبوو کە ٨ هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمار کراوە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیم، هەتا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ئێران تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە و نزیکەی ٦١ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.