کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاری خووزستان نکۆڵی لە کوشتاری خەڵکی "ماهشەهر" دەکات

11:17 - 27 جۆزەردان 2720

پارێزگاری خووزستان نکۆڵی لە کوشتنی خەڵکی ناڕازیی "ماهشەهر" کردووە  و وتوویەتی، ئەگەر ڕاست دەکەن کە ئێمە لە ماهشەهر خەڵکمان کوشتووە، ئاماری کوژراوەکان بڵاو بکەنەوە.

"غوڵامڕەزا شەریعەتی" پارێزگاری خووزستان، کوشتنی ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر لە شاری "ماهشەهر" بە ساختە ناو لێ بردووە و بۆ ئیدیعاکەی خۆی داوای ئاماری کوژراوەکان دەکات.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وێڕای نکۆڵیکردن لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری "ماهشەهر"، بڵاوکردنەوەی ئاماری کوژراوانی ئەو مانگە دەخاتە ئەستۆی دوژمنان و ناحەزانی ڕێژیمەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەنیسبەت  ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر کردووە کە لەو ئامارە ١٣٠ کەسیان خەڵکی شاری "ماهشەهر"ـی خووزستانن کە بە شێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژ.