کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاری سنە چەندین مۆرەی خۆی دیاری کرد

11:40 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: چەندین مۆرەی نەخوێندەواری دیکەی ڕێژیم لە لایەن پارێزگاری سنەوە وەکوو سەرپەرەستی فەرمانداری بۆ شارەکانی ئەو پارێزگایە دیاری کران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "بەهمەن مورادنیا" پارێزگاری سنه، چوار سەرپەرەستی بۆ شارەکانی بانە، مەریوان، سەوڵاوا و دێولان دیاری کردووە کە دوو کەسیان نە تەنیا پێشینەی کاری سیاسییان نییە بەڵکوو هیچ لێهاتووییەکیشیان نییە.

دوای دیاریکردنی ئەو چوار بەرپرسەی ڕێژیم بۆ چوار شاری پارێزگای سنه، خەڵک ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە که دانانی ئەو کەسانە لە ماوەیەکی کورتدا بابەتێکی ئاسایی نییە و ئەوە پیلانی ڕێژیمی ئێرانە.

بەپێی بڕیاری پارێزگاری سنە "محەممەد ئەمینزادە" وەک سەرپەرەستی فەرمانداریی شاری بانە، "کامیار میرزایی" بۆ شاری سەوڵاوا، "ئارتیکاس ئێقباڵ" بۆ شاری مەریوان  و "کۆسار دادوەر"ـیش بۆ شاری دێولان دیاری کراون.

چالاکانی سیاسی باس لەوە دەکەن که دانانی بەرپرسگەلی لەم چەشنە ئەویش لە ماوەی یەک شەودا بۆ ئەوەیە کە مۆرەکانی خودی ڕێژیم لە بەناو هەڵبژاردنەکانی خۆیدا بۆ مەجلیس و باقی هەڵبژاردنەکانی دیکە براوە بن و پۆستی بەڕێوەبەرییان پێ بدات تا بەم سێوەیە ئاسانتر بتوانێ پیلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

دانانی ئەو بەرپرسانە بۆ شارەکانی کوردستان هەڵاواردنێکە بۆ دانانی کەسانی خۆجێیی کە ئەم سیاسەتە چەندین ساڵە لە لایەن بەرپرسانی رێژیمەوە  ئەنجام دەدرێت.

لە لایەکی تریشەوە ماوەی چەندین ساڵە کە هیچ کارێک بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانیی دوو شاری سنووریی وەکوو بانە و مەریوان ئەنجام نەدراوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانە تەنیا دروشم بووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو دۆخێکدا بۆ ئەوەی کە بتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، لە کاتە هەستیارەکاندا و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا کەڵک لە مۆرەکانی خۆیان وەردەگرن و پاش ئەوەی کە کاروباری خۆیان جێبەجێ کرد وەکوو مۆرەی سووتاو و بە ئاسانی ئەو کەسانە لە سەر پۆست و بەرپرسایەتییەکان وەلا دەنێن.