کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات لە ڕیزی بێکارترین پارێزگاکانی ئێرانن

18:35 - 17 خاکەلێوه 2720

پارێزگاکانی کوردستان بەنیسبەت پارێزگاکانی تری ئێران، لە بواری ڕێژەی بێکارییەوە پلەکانی یەکەمیان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، پارێزگانی کوردستان خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بێکارن؛ پارێزگای سنە بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد پلەی یەکەم، پارێزگای کرماشان بە ڕێژەی ١٧ لەسەد  پلەی دووەم و لوڕستان بە ڕێژەی ١٦.٨ لەسەد پلەی سێیەمی هەیە، هەروەها خووزستان بە ١٢.٤ لەسەد لە پلەی چوارەمی ڕێزبەندی بێکارترین پارێزگاکانی ئێراندایە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم چوار پارێزگایە خاوەنی کانگا و سامانی سروشتیی وەک نەوت و گازن و لە ڕووی گەشتییاری و شوێنە مێژووییەکانەوە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوورین و لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانن.

ڕێژیمی ئێران وێڕای تاڵانکردنی ئەم سەرچاوانە، داهاتەکەی لە سپای تێرۆریستی پاسداران  و گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا سەرف دەکات.

تەنانەت لە کارخانە، کارگا و پاڵاوتە نەوتییەکانی ئەو ناوچانە لە خەڵکی خۆجێیی کەڵک وەرناگرێت و لە پارێزگاکانی تری ئێرانەوە کرێکار دێنن. لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئەم ناوچانە بۆ کار ناچارن ڕوو بکەنە تاران و پارێزگاکانی تری ناوەندی ئێران.