کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنه قەیرانی کێشەی بێئاوی هەیە

18:18 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بێئاوی و کەمئاوی لە هەندێک گوند و شارەکانی پارێزگای سنه پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە هۆشداریان دا.

پارێزگاری سنه لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە باسی لە قەیرانی بێئاوی شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەدا کردووە و بە نیسبەت ئەو کێشەیە هۆشداری داوە و وتوویەتی کە دەبێ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە کارە گرینگەکانی ئێمە بێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنه، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، پارێزگای سنە لە بواری پێوەی ئاو لە ئێراندا ٢٧مین پارێزگای ئێرانه و ئەگەر ئێمە نەتوانین بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ شێوەی کەڵکوەرگرتن لە ئاو دابڕێژین ئەو کێشەیە مەترسیدارتر دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی، تا ئێستا لە بارەی کێشەی بێئاوی و ڕێگاچارەسەرییەکانی کێشەی بێئاوی کۆبوونەوەی زۆرمان پێک هێناوە بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە.

لەو بارەیەوە سەرۆکی ڕێکخراوی مودیرییەت و بەرنامەداڕێژیی پارێزگای سنە وتوویەتی که ٩٠ گوندی شارەستانی بێجاڕ و دیواندەڕە کێشەی بێئاویان هەیە.

ناوەندیی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانیش، نیسبەت بە قەیرانی ئاو لە ئێران و دوایین دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئێران تینووتر دەبێت".

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتبوو؛ چوونەسەری ٦ لەسەدی گەرمی هەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینی باران، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان بەڕێژەی ٥٠%، ڕێگری کردن لە پڕبوونەوەی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و دەیان هۆکاری دیکە دەری دەخەن کە ئێران لە سنووری قەیران تێپەڕیوە و تا ماوەیەکیتر دەبێ چاوەڕوانی قەیرانی مرۆیی بین.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٥٧ بەنداوی ئێران، ئاویان تێدا نەماوە و ڕێژەی ئاوانەی کە دەڕژێنە ناو بەنداوەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد کەم بووەتەوە.