کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە دیسان بەرزترین پلەی هەڵاوسانی پێ بڕا

13:38 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو تا کۆتایی مانگی جۆزەردان بۆ بنەماڵە ئێرانییەکان، ٣٧.٦ لەسەد بووە کە نرخی هەڵاوسانی پارێزگای سنه به ٤٥.١ لەسەد بەرزترین ئاستی پێ بڕاوە.

بەپێی هەواڵێک کە لە هەواڵدەریی حکوومەتیی کوردپرێسدا بڵاو کراوەتەوە، پارێزگای سنه بۆ چوارەمین مانگی دوابەدوای یەک، بەرزترین نرخی هەڵاوسانی لە ئێراندا پێ بڕاوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، پارێزگای سنە وەک "گرانترین" پارێزگای ئێران ناسراوە.

لە لایەکی تریشەوە، ئەم پارێزگایە، لە بواری نرخی هەڵاوسانی خاڵ ‌بە خاڵیش، پلەی دووهەمی هەیە. نرخی هەڵاوسانی خاڵ ‌بە خاڵ لە مانگی جۆزەرداندا بۆ هەموو بنەماڵە ئێرانییەکان ٥٠.٥ لەسەدە کەچی بۆ بنەماڵەکانی پارێزگای سنه ئەم ڕێژەیە ٦٠ لەسەدە و بۆ بنەماڵەکانی پارێزگای ئیلامیش ٦٠.٣ لەسەدە. لە ڕاستیدا ئەم ئامارانە وا نیشان دەدەن کە بنەماڵەیەکی پارێزگای سنە ٩.٦ لەسەد و بنەماڵەیەکی پارێزگای ئیلامیش ٩.٩ لەسەد زیاتر لە نێونجی وڵات بۆ دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریی یەکسان بە نیسبەت جۆزەردانی ساڵی ٩٧، پارەیان سەرف کردووە.

بەپێی ئامارەکان، هەڵاوسانی خاڵ‌ بە خاڵ بۆ بنەماڵە گوندنشینەکانی ئێران ٥٦.٥ لەسەدە لە حاڵێکدا کە ئەم نرخه بۆ بنەماڵە گوندنشینەکانی پارێزگای سنه ٦٧.٦ لەسەدە و بنەماڵە گوندنشینەکانی ئەم پارێزگایە دەبێ ١١ لەسەد زیاتر پارە سەرفی دابینکردنی پێداویستییەکانیان بکەن.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە، بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە بەرزبوونی نرخی هەڵاوسان لەم پارێزگایەدا بەتەنیایی بە مانای گران بوونی پارێزگاکه نییە.

پارێزگاکانی کوردستان لەو پارێزگایانەن کە لە بواری ئابوورییەوە هیچ گرینگییەکیان پێ نادرێت و بەردەوام لەگەڵ کێشەی هەڵاوسان بەرەوڕوون و لەم بوارەشدا ڕێکۆردی دیاریکراویان هەیە.