کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای "سنە" پلەی یەکەمی ئاماری تەڵاقی لە ئێراندا هەیە

11:32 - 9 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لەنێو پارێزگاکانی ئێراندا، پارێزگای سنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرترین ئاماری تەڵاقی لەو وڵاتەدا هەیە.

بەپێی هەندێک ئاماری بڵاوکراوە، پارێزگای سنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پلەی یەکەمی ئاماری جیابوونەوە و تەڵاقی مسۆگەر کردووە.

لەو ئامارەدا، پارێزگای سنە بە ٤٧/٢ تەڵاق بەنیسبەت هەر ١٠٠٠ ژنی خێزاندار و ٣٥/٧ تەڵاق بەنیسبەت هەر ١٠٠٠ پیاوی خیزاندارەوە، سەرترین ئاماری تەڵاقی لە ئێراندا هەیە.

هەروەها سیستان و بەلووچستان بە ٧/٤ تەڵاقەوە بەنیسبەت هەر ١٠٠٠ ژنی خیزاندار و ٦/٥ تەڵاق بەنیسبەت هەر ١٠٠٠ پیاوی خێزاندارەوە، کەمترین ئاماری تەڵاقی هەیە.

سەرترین ئاماری تەڵاق لە ٥٠ ساڵی ڕابردوو لە ئیران لە ساڵی ٩٧دا تۆمار کراوە کە بەنیسبەت پێکهێنانی ژیانەوە ٣٣ لەسەد بووە.

نێونجی تەمەنی تەڵاق لە ئێران لەنێو ژناندا ٣٢.٣ ساڵ و ٣٧.٢ ساڵ لەنێو پیاواندایە.

نێونجیی تەمەنی ئەو ژیانە هاوبەشانەی کە دەکێشرێتە تەڵاق ٩ ساڵە کە ٥٠ لەسەدی ئەو تەڵاقانە لە ٥ ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشدا ڕوو دەدات.

لە هۆکارەکانی تەڵاق دەتوانین ئاماژە بە هەبوونی کێشەی ئابووری، نەبوونی خۆشبژێوی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، هەژاری و کۆمەڵێک کێشەی دیکە بکەین کە ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک دەیخاتە گیانی کۆمەڵگاوە.

تەڵاق و جیابوونەوە و چوونەسەرەوەی ئامارەکانی، کۆمەلێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی دیکەی بەدواوە دەبێت کە دەبنە قەیرانگەلی قەرەبوونەکراوەی کۆمەڵایەتی.