کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە پلە یەکەمەکانی هەڵاوسانی ئابووریی بۆ خۆی تۆمار کرد

11:47 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، سەبارەت بە نرخی هەڵاوسان، پارێزگای سنه لە ماوەی ١٢ مانگدا، به ڕێژەی ٤١ لەسەد، زۆرترین ڕێژەی نرخی هەڵاوسانی لە ئێراندا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی کوردپرێس، لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە: پارێزگای سنه لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەرزترین نرخی هەڵاوسانی هەبووە و ئەم جارەش زۆرترین نرخی هەڵاوسانی دوازدە مانگەی بۆ دووهەمین جاری یەک لە دوای یەکی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.

ئامارەکانی ناوەندی ئامار باس لەوە دەکەن، کە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٤١ لەسەد تایبەت بە پارێزگای سنەیە و کەمترینیش بە ڕێژەی ٢٨/٦ لەسەد تایبەت بە پارێزگای قومە.

نرخی هەڵاوسانی دوازدە مانگی ڕابردوو، بۆ بنەماڵەکانی ئێران بەگشتی ٣٤/٢ لەسەدە کە دیارە نرخی هەڵاوسانی پارێزگای سنە بە تەنیا نزیک بە ٧ لەسەد زیاتر لە نێونجی وڵاتە.

ئامارە بڵاوکراوەکان نیشان دەدەن، کە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ بنەماڵەکانی ئێران لە مانگی بانەمەڕدا، ٥٢/١ لەسەد بووە، کە بەم پێیە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بەڕێژەی ٦٥/٣ لەسەد تایبەت بە پارێزگای بووشێهرە، پاش بووشێهر پارێزگای سنە بە ڕێژەی ٤/٦٣ لەسەدە، کە نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی پارێزگای سنە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، ١١/٣ لەسەد زیاتر لە نێونجی وڵات بۆ کڕینی کاڵایەکی دیاریکراو پارەیان داوە.

ئامارەکانی خودی ڕیژیم باس لەوە دەکەن، کە گوشارەکانی گرانی لە گوندەکانی پارێزگای سنەدا، زۆر زیاتر لە شوێنەکانی دیکەیە، چونکە بنەماڵە گوندنشینەکانی سنە جیا لەوەی کە بەرزترین نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیان لە ١٢ مانگی ڕابردوودیان بەسەردا سەپاوە، بۆ شەشەمین جاری یەک لە دوای یەکیش، بەرزترین نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیان هەبووە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و هاوکات هاتنەخوارەوەی توانایی خەڵک بۆ کڕین و دابینکردنی شتومەکی و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە لەو کێشە سەرەکییانەیە کە زۆربەی بنەماڵەکانی ئێران ئێستا کە لەگەڵی بەرەوڕوون و دۆخی شپرزی ئابووریش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گوزەرانی خەڵک دژوار دەکاتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش هیچ ئاگایەکیان لە خەڵکی هەژار و برسیی ئێران نییە.