کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە پلەی چوارەمی ئێرانی لە بواری کرێنشینیدا هەیە

12:24 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، پارێزگای سنە، پاش پارێزگاکانی تاران، کرماشان و خۆراسانی ڕەزەوی، پلەی چوارەمی ئێرانی لە بواری کرێنشینیدا هەیە.

هەواڵدەریی "کوردپرێس"، سەر بە ڕێژیم، بە ئاماژە بە ئامارەکانی خودی ڕێژیم سەبارەت بە ڕێژەی کرێنشینی لە پارێزگاکانی ئێراندا، باسی لەوە کردووە کە پارێزگای سنە بە ٣٢ لەسەد کرێنشینەوە، پلەی چوارەمی ئەم بوارەی هەیە.

بەپێی ئەم ئامارە، پلەی یەکەم بە ڕێژەی ٣٦ لەسەد، تایبەت بە تاران، پلەی دووهەم بە ڕێژەی ٣٥ لەسەد تایبەت بە کرماشان و پلەی سێهەم بە ڕێژەی ٣٣ لەسەد تایبەت بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوییە.

پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و هەروەها کەمبایەخ بوونەوەی پارەی ئێران، نرخی خانوو لە بەراورد لەگەڵ پێشتردا، ١٠٠ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی کە ئەمە لە بەردەوامبوونی کرێنشینیی خەڵک و نەبوونی توانایی کڕینی خانوودا کاریگەریی هەبوو.

ڕۆژنامەی "ئارمانی میللی"، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گەشەی ڕێژەی کرێنشینی باسی لەوە کردووە کە نرخی کرێنشینی لە ساڵی ٦٥دا، ١٢ لەسەد بووە، بەڵام بەپێی سەرژمێرییەک کە لە ساڵی ٩٥دا ئەنجام درا، ئەم نرخە گەیشتووەتە ٧/٣٠ لەسەد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، گرانبوونی لەڕادەبەری کرێ خانووەکانیش لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بووە هۆی ئەوەی کە کەمپەینێک بۆ دژایەتی لەگەڵ کرێ خانووە گرانەکان لەژێر ناوی "نا بۆ گرانیی نائاسایی کرێ خانووەکان" لە شاری سنە ڕێک بخرێت کە زیاتر لە ١٠٠ بۆنگای کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە تێیدا بەشدارییان کرد، بە شێوەیەک کە هەموویان خۆیان لە بەکرێدانی ئەو خانووانەی کە کرێی زۆریان هەبوو بوارد.