کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە پلەی یەکەمی شۆرانەوەی خاک لە ئێرانی هەیە

12:39 - 17 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەپێی قسەکانی بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی جەنگەڵداریی زاگرۆس، پارێزگای سنە لە ڕووی شۆرانەوەی خاکەوە لە ئێراندا لە پلەی یەکەمدایە.

"ئەحمەد وەلیپوور"، بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەیی و پەرەپێدانی جەنگەڵداریی زاگرۆس، وتوویەتی کە هەڵسەنگاندنی نێونجیی شۆرانەوەی خاک لە ئێراندا نزیک بە ١٦ تا ١٨ هێکتارە کە لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا پارێزگای سنە پلەی یەکەمی هەیە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامارێکی دروست لە دارستانەکانی زاگرۆس لەبەر دەستدا نییە وتی، بەپێی ئامارەکان، ڕووبەری دارستانەکانی زاگرۆس نزیکەی ٥ ملیۆن هێکتار خەمڵێندراوە کە ٣٧٠ تا ٣٨٠ هەزار هێکتاری لە پارێزگای سنەدایە.

سەرەڕای ئەوەی کە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و زنجیرەچیای زاگرۆس لە سەوزترین و دارستانیترین ناوچەکانن، لە بەرانبەردا هەوڵە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە وای کردووە کە سەوزترین ناوچە ببێت بە شۆراوەترین ناوچە لە ڕووی خاک و لێڕەوارەوە.

بڕین و ئاگردانی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لەنێوبردنی دارستانەکانە و بەدەر لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە لەوڕی لەڕادەبەدەری مەڕ و ماڵات، گۆڕینی بەکارهێنانی زەوییەکان و چەندین هۆکاری دیکەش بکەین کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر شۆرانەوە و لەنێوچوونی لێڕەوارەکان دادەنێت.

ڕێژیمی ئێران لە پرۆسەیەکی بەردەوام و درێژخایەندا و بە شێوازی جیاواز و لە ڕێگای مۆرەکانیەوە، هەوڵی لەنێوبردنی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان دەدات و مەبەستی سەرەکی لەو کارە، تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکان و گۆڕینی سروشتی ئەم ناوچەیەیە.