کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە، پلەی یەکەمی چەکە بانکییە بلۆکەکراوەکانی لە ئێراندا هەیە

17:36 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: مەندیی ئابووری لە پاریزگای سنە، بووەتە هۆی زۆربوونەوەی چەکە بانکییە بلۆکەکراوەکان کە کۆمەڵێک خەساری کۆمەڵایەتیشی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئیدارەی ئاماری ئابووریی بەڕێوبەریی گشتیی ئامارە ئابوورییەکانی بانکی ناوەندیـ"ـی ڕێژیم، لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، سەبارەت بە ئاماری چەکە ئاڵووێرییەکان لەو وڵاتەدا، بە ڕیز، پارێزگاکانی: "سنە ١٦.٥، هورمۆزگان ١٥.٦ و کرمان ١٥.٤ لەسەد، زۆرترین ڕێژەی چەکە بلۆکەکراوەکانیان، بەنیسبەت ڕێژەی گشتیی چەکە ئاڵووێرییەکانیان، لە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەدا هەیە.

پارێزگای سنە لە حاڵێکدا پلەی یەکەمی لەو بابەتەوە تۆمار کردووە کە نێوەنجیی ئەو پێوەرە لە ئێراندا بەگشتی ١١.١ لەسەد، ڕاگەیەندراوە.

هەروەها بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری بلۆکەبوونی ٩٧.١ لەسەدیی هەژماری چەکەکان لە پارێزگای سنەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمی، یان نەبوونی پارە لەنێو حیسابە بانکییەکاندا.

لە ڕوانگەی کارناسانی بیاڤی ئابوورییەوە، ئاماری چەکە بلۆکەکراوەکان بابەتێکی گرینگە، چونکە هەڵکشان و داکشانی ئەم ئامارە، دەرخەری ڕێژەی مەندی لە بازاڕ و ئابووریدایە؛ ئاماری چەکە بلۆکەکراوەکان، پێوەرێکی باش بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابوورییە.

کاتێک مەندیی ئابووری بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت، ئەو کەسانەی کە کاڵاکانی خۆیان لە ڕێگای پێدانی چەکەوە کڕیوە، توانای فرۆشتنی کاڵاکان و پاسکردنی چەکەکانیان نابێت و لە ئاکامدا چەکەکانیان بلۆکە دەکرێت، کەوابوو ڕێژەی هەڵکشانی مەندیی ئابووری، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەژماری چەکە بلۆکەکراوەکاندا هەیە.

ئەم حاڵەتە تەنها لە بلۆکەبوونی چەکەکاندا قەتیس نامێنێتەوە و ڕێژەی زیندانییانیش، بەهۆی چەکە بلۆکەکراوەکانەوە دەچێتە سەر و هەروەها لیکەوتەگەلێکی دیکەی کۆمەڵایەتیشی لێ دەکەوێتەوە کە هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیریی ئابووری لەو وڵاتەدا.