کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ورمێ سەرەڕای سەروەت و سامانی زۆر، لەگەڵ قەیران بەرەوڕووە

18:41 - 13 پووشپەڕ 2722

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە خەریتەی هەڵاوسانی دوازدە مانگی ڕابردووی بنەماڵەکانی تەواوی ئێران، پارێزگای ورمێ خاوەنی زۆرترین ڕێژەی گرانی و نرخی هەڵاوسان بووە.

پارێزگای ورمێ دوای پارێزگاکانی "کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، مازەندەران و ئیلام" بە ڕێژەی ٤٣.١ لەسەد زۆرترین ڕێژەی گرانی و نرخی هەڵاوسانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تۆمار کردووە.

پارێزگای ورمێ هەروەها لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ٥٧.٨ لەسەد زۆرترین ڕێژەی چارەڕەشیی تۆمار کردووە کە نێونجی ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوودا ٤٩.٦ لەسەد بووە.

بوونی ئەو قەیرانە لە ئێستادا دۆخی پارێزگای "ورمێـ"ـی لە ڕیزی یەکەم و تەنانەت خراپتر لە نێونجی چارەڕەشیی تەواوی ئێران هاویشتووە.

زۆرترین نرخی بێکاری و نرخی هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای ورمێ ١٨.٣ لەسەد بووە.

پارێزگای ورمێ لەبابەت نرخی بێکاری و هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا لە پلەی یەکەم لە ئاستی ئێراندا بووە و گرانی لەو پارێزگایە زۆرترین نرخی خۆی تۆمار کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو پارێزگایە وەکوو دەروازەی ئورووپا دەناسرێت، بەڵام پێشکەوتن لە بواری کشتوکاڵ و کانگاکان نەیتوانیوە لە ئاستی پێویستدا بێت و بێکاری و گرانی و کێشەکانی دیکە لەو پارێزگایە چارەسەر بکات.