کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ئیلام زیاترین خۆکوژیی ژنانی تێدایە

12:06 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا لە بەرزبوونەوەدایە و ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕێژەیە لە ژناندا زیاتر لە پیاوانە، بە شێوەیەک کە خۆکوژیی ژنان لە ماوەی ٢ دەیەی ڕابردوودا، ٢ بەرابەر زیادی کردووە.

خۆکوژی لە ڕێگای خواردنەوەی ژەهر و خۆسووتاندنەوە لە پارێزگای ئیلامدا زیاترین قوربانیی لێدەکەوێتەوە کە ٤٩ لەسەدی هەوڵدان بۆ خۆکوژییەکانیش بە شێوەی فەرمی تۆمار نەکراون.

ئامارەکانی ساڵی ٩٥ باس لە ٤٢ بەرابەر بوونەوەی خۆکوژی لەم پارێزگایە بەنیسبەت پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن.

کۆمەڵناسان ڕایانگەیاندووە کە ئاماری خۆکوژی لە ژنانی پارێزگای ئیلامدا زۆر بەرچاوە و زیاترین ڕێژەی خۆکوژییەکانیش تایبەت بە ژنانی بێکار و ماڵدارە.

پارێزگاکانی ئیلام، کەهکیلوویە، کرماشان و لوڕستان، بە ڕیز زیاترین ئامارەکانی خۆکوژییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

لە ماوەی ٢ دەیەی ڕابردوودا، ئاماری خۆکوژیی ژنان لە ئێراندا گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی خۆکوژی لە ساڵەکانی ٦١ـەوە هەتا ٨٤، ٤ بەرابەر بووەتەوە کە لە ژنانیشدا ڕێژەکەی ٢ بەرابەر زیادی کردووە.

ئامارە بڵاوکراوەکان نیشانیان داوە کە لە ساڵی ٩٦دا، ٤٦٢٧ کەس خۆیان کوشتووە کە زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس لەم ئامارە، تایبەت بە ژنان بووە.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە زیاترین هۆکارەکانی پەنابردن بۆ خۆکوژی لە پارێزگای ئیلامدا بۆ ڕاکێشانی سەرنج و سۆز، ناڕەزایەتیدەربڕین بە ستەم و سنوووردارکردنەوە، لادانی بوختان لەسەر خۆ، تابۆبوونی جیابوونەوە و خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان، دەگەڕێتەوە.