کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام لە هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاسانیی هاتوچۆکردن بێبەرییە و سەرەڕای نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد، هێڵی شەمەندەفەریشی نییە.
لە درێژەی سیاسەتی ناوەندگەرایی ڕێژیم، پارێزگای ئیلام لە هەبوونی هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەری کراوە.
میدیاکانی سەر بە ڕێژیم، ماوە بە ماوە هەواڵی نەبوونی خزمەتگوزارییەک یاخود تەواونەکرانی پرۆژەیەک لە دوای چەند ساڵ لە پارێزگای ئیلام بڵاو دەکەنەوە و ئەمجارە هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێران هێڵی شەمەندەفەریان هەیە، هێشتا ئەم هێڵە بۆ پارێزگای ئیلام دابین نەکراوە.
پارێزگای ئیلام، لە هەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد بێبەرییە و ڕۆژانە لە ڕێگاوبانەکانی ئەم پارێزگایەدا ڕووداوی هاتوچۆی دڵتەزێن ڕوودەدەن کە بەرپرسانی ڕێژیم گوێی خۆیان لێ خەواندووە.
سەرەڕای نەبوونی هێڵی شەمەندەفەر لەم پارێزگایە، بلیتی فڕۆکەش لە چاو پارێزگا و فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئێران زۆر گرانترە.