کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ئیلام کە دووەمین بەرهەمهێنەری سەرچاوەی نەوت و گازی ئێرانە، گازی نییە

13:00 - 15 گەلاوێژ 2721

بەڕێوەبەری گشتیی گازی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاندووە، هەتا ئێستا بۆ هەموو شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایە گاز نەکێشراوە.

''عەباس شەمسوڵڵاهی'' ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژ، لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم وتوویەتی، شاری ''پەڵە'' سەر بە شارستانی دێهلوڕان هەتا ئێستا گازی بۆ نەکێشراوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام پێشتر وتبووی کە زیاتر لە ١٨٠ یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەیی لەو پارێزگایە گازیان بۆ نەچووە.

پارێزگای ئیلام خاوەنی زیاتر لە ١١ لەسەدی سەرچاوەی نەوت و گازی ئێرانە، بە واتایەکی دیکە ١٤ تریلیۆن میتری سێ‌جا گاز و ١٧ میلیارد بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی لەخۆ دەگرێت.

 پارێزگای ئیلام کە دووەمین بەرهەمهێنەری سەرچاوەی نەوت و گازی ئێرانە بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەیە سەرچاوەکانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەتاڵان دەبرێت، لە حاڵێکدا زۆرێک لە شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نەوت و گاز بێبەری کراون.