کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ پارێزگای ئێران لە بواری تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە دۆخێکی مەترسیدار دان

12:27 - 4 جۆزەردان 2720

ئەندامێکی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشییە چڵکهێنەرەکان لە ئێران وتوویەتی، پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان لە زۆربەی شوێنە گشتییەکان ڕەچاو ناکرێت و ١٠ پارێزگا لە بواری تەشەنەسەندنی قەیرانی کۆرۆنا لە دۆخێکی مەترسیدار دان.

''مەسعوود مەردانی'' ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزرەدان، وتوویەتی پروتۆکۆلە تەندروستییەکان لە زۆربەی شوینە گشتییەکانی وەکوو ڕاگوستنەگشتییەکان، ئیدارەکان و شوینە ئایینییەکان ڕەچاو ناکرێت و بەرزبوونەوەی سەفەرەکانیش نیگەرانی دروست کردووە.

بەوتەی ناوبراو، زۆریک لە خاڵە تەندرووستییەکان کە بۆ کۆنترۆلی کۆرۆنا ڕاگەیاندراوە، ناتوانرێت بەڕرێوە بچێت و توانای چاوەدێری بۆ بەڕێوەبردنیان نییە.

''مەردانی'' باسی لەوە کرد نزیکەی ١٠ پارێزگای وەکوو خوزستان، کرماشان، ورمێ، سمنان و تاران  لە دۆخێکی مەترسیدار دان.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم،هەتا ئێستا ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا  ١٣٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە ٧٤٠٠ کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوە.  

لەحاڵێکدا کە زۆرێک لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە سەفر نەکەن، ڕێژیم بە کردنەوەی هۆتێلەکان، ڕێستورانەکان و شوێنە گەشتیارەکان، داوای کردووە کە پیشەی گەشتیاری چالاکییەکانی دەست پێ بکاتەوە.