کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرانی ئاشتی مۆڵەتی دەسپێراگەیشتن بە توونێلە شاراوەکانی حیزبوڵڵایان پێ نەدراوە

11:57 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا ڕێگا بە پاڕێزەرانی ئاشتی نادرێت کە سەردانی توونێلە شاراوەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بکەن، کە ئەم توونێلانە پێشێلکردنی ئاگربەسی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵایە. 

نیکۆلای ملادینۆف، نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژی شێشەممە ٢ی رێبەندان، لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: پارێزەرانی ئاشتی ئەم ڕێکخراوە بە ناوی"یونیفێل" بوونی دوو توونێلیان لە لوبنان پشتڕاست کردووەتەوە.

میلادینۆف، هەروەها وتوویەتی: ئەم دوو توونێلە لە "سنووری ئاوییـ"ـە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە و لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل تێدەپەڕێت، کە ڕێگای چوونەژوورەوەی یەکێک لە توونێلەکان لە نزیکی "کۆفرێکلا"ی لوبنانیان پێ نەدراوە.

کۆفرێکلا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان و لەو ناوچانەیە، کە مۆڵگەی تێرۆریستانی حیزبوڵڵایە و حەشارگەی چەک و تەقەمەنی و هێزەکانیانە و لەم گوندە یەکەمین توونێل دۆزرایەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل نێوەڕاستەکانی سەرماوەز، عەمەڵیاتێکی بە ناوی "قەڵغانی باشوور"، بۆ "ئاشکراکردن و لەنێوبردنی" ئەم توونێلە شاردراوانەی دەست پێ کرد، کە پاش دوو حەوتوو بابەتی توونێلەکان گەیشتە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە بەرامبەردا تێرۆریستانی حیزبوڵڵای سەر بە سپای ڕێژیمی ئێران لە هەر چەشنە دانی زانیارییەک لەم بارەوە خۆ دەبوێرن.