کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرانی ژینگە، پارێزەرانی خاک و سەروەریی کوردستانن

11:22 - 12 پووشپەڕ 2720

ئاژوان مەریوان

قەڵەمڕەو چەمکێکی سیاسی و حقووقییە کە پێوەندیی بە حاکمیەت، خاک و خەڵکەوە هەیە. مەڵبەندێکە کە حاکمیەت داوای دەکات و هەروەها تەواوی خاک، زەوی، ئاو، هەوا و سنوورەکانی لەخۆ دەگرێت.

"کارل شمیت" بیرمەندی ئاڵمانی لە دوایین بەرهەمی خۆیدا، "نۆمۆسی زەوی"، بیچمگرتنی قەڵەمڕەوی حاکمیەتێک، گرێی داوەتەوە بە دوو مەرجی بنەڕەتی.

یەکەم: داگیرکردنی (دەستبەسەرگرتن) خاک و داگیرکاریی سەربازی.

دووەم: دامەزراندن و سەقامگرتنی چەشنێک سیستەمی یاسایی و حکوومەتی لەو خاکە داگیرکراوەدا.

مەرجی یەکەم پێویستی بە بەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژی و مەرجی دووەم پێویستی بە پاوانی توندوتیژی لە دەستی هێزێکی دیاریکراو یان هەمان دەوڵەتە.

بەم پێیە پاراستنی قەڵەمڕەو دوای دروستبوونی، لە پلەی یەکەمدا ڕێککەوتنێکە لەسەر شەرعیەتدانی تایبەت بۆ پاوانی توندوتیژی لە دەستی دەوڵەتدا و لە پلەی دووەمدا پەیمانێکە بۆ دیاریکردنی پانتایی فەزای یاسا کە هەمان حاکمیەتی دەوڵەتە.

ئەوەی کە لێرەدا گرنگە مەبەست لە  قەڵەمڕەو، تەنیا شوێنێک بۆ کردەوەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکوو چاوەدێری و پاراستی قەڵەمڕەوە کە بوونێکی زاتەن سیاسی بە پێگەی دەوڵەت دەبەخشێت. ئەوەی له بیرۆکەی "شمیتـ"ـدا بۆ ئێمە جێی سەرنجە کە خاک پێشمەرج و پێویستیی دەسەڵاتدارێتییە و دەسەڵاتی دامەزراو بەبێ پێناسەی ئەویدی خۆی واتای نییە.

لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کوردستان، ئەوەی کە جێگەی ئاماژەیە دۆخی کوردستان دەرەنجامی ڕێککەوتن و پەیمانی حاکمیەتی نەریتی و مێژوویی کوردستان لەسەر خاکی خۆی نییە کە لە قۆناغی مۆدێڕنیتەدا فۆرمی کۆنی خۆی گۆڕیبێت بۆ فۆرمی نوێی دەوڵەت- نەتەوە لە حاکمیەتی سیاسیدا، بەڵکوو بە هەندێک هۆکاری دەرەکی و نێوخۆیی  لە دۆخێکی تایبەت و ئاوارتەدا بەسەر دەبات کە  خاکەکەی داگیر و بە کۆلۆنی کراوە. ڕەهەندەکانی ئەم دۆخە تایبەتە کە لەلایەن بیرمەندانەوە بە تیۆریی کۆلۆنیاڵیزم پێناسە و تەبین دەکرێت.

ئەگەر وەکوو پێناسەیەکی کورت لە کۆلۆنیاڵیزم به سێ ڕەهەندی داگیرکاریی خاک، داگیرکاریی ئابووری و فەرهەنگی ئاماژە بکەین، سیستەمی کۆلۆنیاڵیستی لە کوردستان، لە قۆناغی یەکەمدا لە پاش داگیرکاریی سەربازیی کوردستان، لە هەوڵی ئیستسمار و بەتاڵانبردنی خاکی کوردستانە. مەبەست خاک و تەواوی سەرچاوە ئابووری و سروشتییەکانیەتی. بە وردبوونەوە لە هەڵسوکەوتی کۆلۆنیاڵیزم بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەگەر چی سیاسەتی ئابووریی سیستەمی سەردەست، سیستەمێکی سەرمایەدارییە بەڵام هەڵسوکەوتی داگیرکەر لە بەرانبەر کوردستاندا نەک بەدەستهێنانی قازانجی ماددی لە ڕێگەی چەوساندنەوەی چینایەتیی سەرمایەداری و هێزی کاری تاکەکانی کوردستانە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە  ئەوەی بۆ داگیرکەر گرینگ نییە تاکی کوردە و لەپاش داگیرکردنی خاکەکەی هەوڵی تەواوی بۆ سڕینەوە و کوشتنی فیزیکی و فەرهەنگیی  تاکەکانی ئەم وڵاتەی داوە هەتا بەسانایی سەرچاوەگەلی ژێرزەوینی و سەرزەویی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی خۆی بەتاڵان ببات و بەرەوڕووی هیچ چەشنە بەرەنگارییەکی شۆڕشگێڕانە نەبێتەوە.

لە ڕەهەندی یەکەمی داگیرکاریی فیزیکی و سەربازیی کۆلۆنیاڵیزمدا هێزی سەربازی بۆ کوشتن و بێدەنگکردنی پارێزەرانی خاکی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ داگیرکاریی فەرهەنگیدا ڕۆڵی تەواوکەری یەکدی دەگێڕن، هەتاکوو بوار بۆ داگیرکاریی ئابووری کە ئامانجی سەرەکیی داگیرکەرە دەستەبەر بکەن.

سووتاندنی بەردەوامی دارستانەکانی کوردستان و شەهیدکردنی پارێزەران و چالاکانی ژینگەیی لەم ماوەی ڕابردووەدا هەر لەم ئاراستەدا جێ دەگرێت و پرۆسەی بەتاڵانبردنی خاکی کوردستان خێراتر دەکات. پارێزەرانێک کە بۆ گەڕانەوەی سەروەریی وڵات و ڕزگاریی خاکەکەیان کە یەکەمین پێشمەرجی ڕزگاری و حاکمیەتی سیاسیی کوردستانە و لە پاشدا بەرگریکردن لە بەتاڵانبردن و لەنێوبردنی  ژینگە و خاکەکەیان و هەستکردن بەو مەترسییەیە کە دژ بە کردەوەکانی هێزی  کۆلۆنیاڵیست ڕادەوەستن و بەرەنگاری دەبنەوە.

ئەوەی کە  ژینگەپارێزان و چالاکانی ئەم بوارەی هان داوە شانیان وەبەر ئەو ئەرکە گرانە بدەن و شاهیدی بەختکردنی گیانیان لەم ڕێگەیەدا بین، تەنیا فەلسەفەی پاراستنی خاکی کوردستانە. هەر بۆیە کیانی سیاسیی وڵاتێک لە پێشدا لەسەر چوارچێوە خاکێکی دیاریکراودا دادەمەزرێت و بونیاد دەنرێت و شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە پێشدا شۆڕشی ڕزگاریی خاکێکی هاوبەشی داگیرکراوە و شەهیدبوونی پارێزەرانی ژینگەی کوردستان شەهیدبوون لەپێناو خاک و نیشتمانی کوردستانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.