کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەری محەممەد نەزەری لە دۆخی بریگرتەکەی نیگەرانە

14:14 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، پێشیان بە چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بۆ زیندانییەکی سیاسیی کورد گرتووە.

محەممەد حوسێن ئاقاسی پارێزەری محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، لە توویتێری شەخسیی خۆیدا باسی لە دۆخی نالەباری بریگرتەکەی کردووە.

ناوبراو لەم توویتەدا نووسیویەتی: محەممەد نەزەری پێی ڕاگەیاندووم کە لە ئەنجامی مانگرتنە ٩٩ ڕۆژەکەیدا لە زیندان، "لک"ێکی گوماناوی لە گەدەیدا بەرچاوە کەوتووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە زیندان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان ئیزنیان پێ نەداوە.

بە وتەی ئاقاسی، ناوبراو لە ساڵی ٧٣ی هەتاویدا بە تۆمەتی "محاربە" حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و دواتر حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کراوەتەوە؛ ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "هەوڵەکانی من بۆ دووبارەبوونەوەی دادڕەسی (اعاده‌ی دادرسی) و کەمکردنەوەی بۆ ٢٥ ساڵ زیندان کاریگەری نەبووە، لەو پەیوەندییەدا، بۆیە بە سەختی نیگەرانم."

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی زیندانی ورمێ تەنانەت ئیزنی چارەسەری پزیشکی لە بێهداریی زیندانیان بە محەممەد نەزەری نەداوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری "سایین قەڵا"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ ، حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی ‌شاری کەرەج لە دەسبەسەریدایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە. ئەو زیندانییە سیاسیە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە سەر داواکاری محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەکەی  کۆتایی بە مانگرتنە ٩٩ ڕۆژەکەی خۆی هێنا.